بەهاری ئەمساڵ دەم پارتی ئەو حزبەی کە شەڕی مافەکانی خەڵکی کوردستان دەکات لە تورکیا و باکوری کوردستان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستهێنا، بەشێوەیەک کە زۆرینەی شارەوانییەکانی باکوری کوردستانی لە هەڵبژاردنی ٣١ئادار بردەوە، بەمەش کۆتایهێنا بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی قەیومەکان کە ساڵانێک بوو دەسەڵاتدارانی تورکیا بەسەر شارەوانییە کوردییەکانی سەپاندبوو.
ساڵانێکە باکوری کوردستان بە خەباتی مەدەنی ڕووبەڕووی سیاسەتی ئینکار و دووژمنکارانەی دەوڵەتی تورکیا دەبێتە، کە لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان ئەنجام دەدرێت. یەکێک لەو خەباتانە بواری وەرزشیە، یانەی تۆپی پێی ئامەدسپۆر بەشێک لەو خەباتە پەێرەو دەکا، بۆ ئەم مەبەستەش لە تەواوی باکوری کوردستان خەڵک بە گشتی و لایەنگرانی وەرزشی تۆپی پێ بە تایبەتی، بۆ پشتیوانی یانەی وەرزشی ئامەد سپۆر هەمیشە لە گۆڕەپانی یاریگاکان ئامادە دەبوون، بە درووشمی نەتەوەیی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان، هانی یانەی ئامەدسپۆریان دەدا.
سەرکەوتنی ئەم یانەی بۆ پلەیەکی خوولی تورکیا سەرکەوتنێکی گەورەیە، چونکە لەمەدوا هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر لەگەڵ یانە گرنگەکانی وەک (گەڵەتەسەرایی و بشکتاش و فەنەرباخچە)، وە زۆرێک لە یانەکانی دیکەی تورکیا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئالای کەسک و سوور و سپی و درووشمی ئازادی دەگاتە گۆڕەپانە گرنگەکانی تۆپی پێی تورکیا.
شایانی باسە، یانەی ئامەدسپۆر ساڵی ١٩٧٢ دامەزراوە، لە بواری وەرزشی هەڵگری ناسنامەی کوردی بووە، بۆیە لەلایەن هاندەرە ڕەگەزپەرستەکانی تورک لە یاریەکانی ڕووبەڕووی درووشمە شۆڤینیەکانی ئەوان دەبووەوە.
پێویستە بگوترێت، هاندەرانی کورد لەسەرجەم شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان پشکیان لەو سەرکەوتنە گرنگە هەبوو کە یانەی ئامەدسپۆر لە خوولی پلە دووەکانی تورکیا بەدەستیهێناوە، کاتێک بە پەلەی یەکەم لەو خوولەدا بۆ پلەیەکی یانەکانی تورکیا سەردەکەوێت.
پێویستە بوترێت کورد میللەتێکی مافخواراوە، حەزی بەشەڕ نیە، هەمیشە بە ناچاری دەستی بۆ چەک بردووە، حکوومەتی تورکیا، بە تایبەت دەسەڵاتدارانی ئێستای تورکیا، کە پێکهاتووە لە هاوپەیمانی (ئەکەپە- مەهەپە) هەموو دەرگایەکی چارەسەری ئاشتیانەی بەڕووی کورد داخستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کورد لە خەباتی خۆی بەردەوامە، بەرهەمی ئەو جۆرە خەباتە دیموکراسیەش هەر لە ئەمساڵەدا بریتی بووە لە سەرکەوتن هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بواری وەرزشی، ئومێد دەکەین سەرکەوتنی دیکەی زیاتر ببینین.
✍️هیوا سەید سەلیم