دەستەی ناوچە کوردستانیەکان: داواکارین لە حکومەتی عێراقی لەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێ دەنگ نەبێت
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەبارەی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی گوندی پەلکانە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بەداخەوە تا بە ئێستا ئەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێ دەنگ نەبێت.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە
ڕاگەیەنراوێک لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکانەوەبەداخەوە ماوەی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندوو بوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندیی قیادەی عەمەلیاتی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستور و یاسا دوابڕیاربێ و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن، بەداخەوە تا بە ئێستا ئەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەکان و بیانگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان، هەموو لایەک دڵنیا ئەکەین دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام ئەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕایئەگەیەنین جێبەجێکردنی دەستور و پابەند بوون بە بنەماکانی مادەی ١٤٠ زامنی چارەسەر بوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە.دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم