دوای 9 ساڵ لە سەپاندنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەنگۆی ھەڵگرتنی ئەو گۆشەگیریە بۆتە رۆژەڤی سیاسەتی تورکیا، ئەوەیش دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی، بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەھەپە) رۆژی 22ی ئۆکتۆبەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند:-
” دەبێت گۆشەگیری سەر ئۆجالان ھەڵبگیرێت، ئەو بێت لە فراکسیۆنی دەم پارتی ڕایبگەیەنێت کە پارتی کرێکارانی کوردستان ھەڵدەوەشێتەوە و کۆتایی دێت بە خەباتی چەکداری ئەو پارتە”
قسەکانی دەوڵەت باخچەلی لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، پشتیوانی لێکرابوو وەک دەرفەتێکی مێژووی وەسفکرا.
ھەروەھا ئیبراھیم یەڵمز یەکێک لە پارێزەرەکانی ئۆجالان لێدوانەکەی سەرۆکی مەھەپەی سەبارەت بە ھەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان بە گرنک لێکدایەوە و گووتی:-
” ئەوان وەک پارێزەرەکانی ئۆجالان 44 مانگە نەیانتوانیوە دیدار لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدەن، بگرە رێگا نەدراوە وەڵامی ئەو نامانەش وەربگرنەوە کە ئەوان لەو ماوەیە بۆ ئۆجالان یان ناردووە”
ھەر سەبارەت بەو داوایەی دەوڵەت باخچەلی ڕای ھێزەکانی دیکەی تورکیا جیاوازن، جەھەپە دژی ھەڵگرتنی گۆشەگیری ئۆجالان نییە، بگرە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە) لە دیداری لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لە بەندیخانەی ئەدرنە کۆبوەوە و دواتر رایگەیاند، “هەرچەندە بانگەوازی ئاشتی لەلایەن كەسانێكەوە دەكرێت كە ئەو چاوەڕوانیەمان لێیان نەبو، بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوە ڕەتناكەینەوە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی دروستە لە بەرژەوەندی تورکیا، هەروەها جەهەپە هیچ ڕێگریەك بۆ ئەو بابەتە دروست ناكات”.
بەڵام ئی پارتی وەک ھێزێکی ئۆپزسیۆن و جیابووەوە لە مەھەپە دژی ئەو داوایەی (دەوڵەت باخچەلی)ە.لەوبارەیەوە موساڤان دهروێش ئۆغڵو سهرۆكى ئیى پارتى ههڵوێستى توندى نیشانداو بهزمانێكى توند هێرشیكردوهتهسهر سهرۆكى مهههپهو وتویهتى:”باخچهلى شتێكى وتوه لهدهرهوهى یاسایه، چونكه جگه لهمیراتگرانى ئهتاتورك هیچ كهسێكى دیكه ناتوانێت بێته پهرلهمانو چارهنوسى توركیا دیاریى بكات”.
کاردانەوەی کورد سەبارەت بەو لێدوانەی دەوڵەت باخچەلی لە زاری ھاوسەرۆکی دەم پارتی بڵاوکرایەوە و لەو بارەیەوە تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە قسەی كرد و ڕایگەیاند، “دەبێت گۆشەگیریی لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەڵبگیرێت و بێتەدەرەوە، قسە بکات و هەمومان پێکەوە بزانین باسی چی دەکات، بۆیە پێویستە هەنگاوی دەستبەجێ بۆ ئەم مەبەستە بنرێت”.
شایانی باسە، ئەم مشتومڕەی ناو پەرلەمانی تورکیا سەبارەت بە کردنەوەی دەرگای ئیمرالی بەڕووی ئۆجالان دوای ئەوە ھات کە میدیاکان بڵاویان کردەوە کە تورکیا دەرفەتی داوە بە ئۆجالان قسە لەگەڵ قەندیل بکات و داوایان لێبکات کۆتایی بھێنن بە خەباتی چەکداری.
ئەگەرچی داواکەی باخچەلی لەژێر ناونیشانی ھەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK) دایە، بەڵام ووروژاندنی چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی پەرلەمانی تورکیا و بە موخاتب ناساندنی ئۆجالان لە لایەن ھێزێک کە ھەمیشە ئینکاری بوونی کوردی کردووە نەک ھەر کێشەی کورد، گرنگە.
شایانی باسە، لە ساڵی 2011 وە ئۆجالان خراوەتە ژێر گۆشەگیریەکی قورس، ماوەی 44 مانگە پاریزەرەکانی ھیچ زانیاریەکیان سەبارەت بە ئەو دەستناکەوێت، لەو بارەیەوە کەجەکە دەستی داوەتە ھەڵمەتێکی جیھانی سەبارەت بە ھەڵگرتنی گەمارۆی سەر گۆشەگیری ئۆجالان، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا نەچۆتە ژێرباری ئەو فشارانەی لە ناوخۆی تورکیا و جیھان خراونەتە سەری بۆ ھەڵگرتنی ئەو گۆشەگیرییە، بەڵام پێدەچێت گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و شکستی تورکیا لە چارەسەری سەربازی پرسی کورد، بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ناچارکرد بێت بیر لە ڕێگاچارەسەری دیکە بکەنەوە، ھەر چۆنێک بێت ھەوڵەکان بۆ کردنەوەی دەرگای ئیمرالی گرنگن.
ئا: ھیوا سەید سەلیم