تەلەفزیۆنی سووریا بە فەرمی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدی ڕاگەیاند و نووسیوویەتی، گەل شکستی بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد هێنا. بەوەش کۆتایی بە حوکمی ٥٣ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سووریادا.
دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریاوە، دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و لەدوای ئەوەشەوە بە فەرمی شکستپێهێنانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد راگەیەنرا.
سەرۆکوەزیرانی سووریا دوای ئەو رووداوانە رایگەیاند، ئامادەیە بە ئاشتیانە دەسەڵاتیان ڕادەست بکات.
لەئێستادا دوای ٥٣ ساڵ بنەماڵەی ئەسەد چیتر حوکمی سووریا ناکەن و بەو هۆیەوە گەلی سووریا لەسەر شەقامەکان ئاهەنگ دەگێڕن و خۆشی دەردەبڕن.
سووریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نەوتی هەیە، یەدەگی نەوتی خاوی سووریا بە 2.5 ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵینرێت، پێش دەستپێکی شەڕی سووریا ڕۆژانە 386 هەزار بەرمیل نەوت لەو وڵاتە بەرهەم دەهات، بەشێوەیەکی فەرمی بەشێکی هەناردە دەکرا، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2011 وەزارەتی نەوتی سووریا ڕایگەیاند؛ بەشێوەیەکی خێرا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و لە ماوەیەکی کەمدا 4%ی بەرهەمی نەوتیان لە دەستداوە.
ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەماوەی ئەم 13 ساڵەدا ئەو زیانەی بە کەرتی نەوتی سووریا گەیشتووە نزیکبووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار، کە ئەمە زیانێکی گەورەیە و کاریگەری لەسەر سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی وڵاتەکە دەبێت، ئێستا هیچ بڕە نەوتێکی سووریا بەشێوەیەکی فەرمی هەناردەی دەرەوە ناکرێت، بەشێکی لەناوخۆدا ساغ دەبێتەوە و بەشێکی کەمیشی بە قاچاخ هەناردەی وڵاتان دەکرێت.
هەرچی لە کەرتی پیشەسازییە، سووریا لە ماوەی ئەم 13 ساڵەی ڕابردوودا زۆرترین کارگەی تێدا داخراوە، بەشێوەیەک، کەرتی پیشەسازیی لەو وڵاتە نزیکبووەتەوە لە داڕووخانی تەواوەتی ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕێگە بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی نادرێت و گەمارۆ ئابوورییەکانیش وڵاتەکەیان بێبەش کردووە لە دەستگەیشتن بە ماددەی خاو و ئامرازەکانی نۆژەنکردنەوەی کارگەکان.
ئامارە نافەرمییەکان ئەوە دەردەخەن ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی پیشەسازیی کەوتووە و کۆی زیانەکە تائێستا 150 ملیار دۆلاری تێ پەڕاندووە، ئەمە لەکاتێکدا کە سووریا پێش شەڕ و ئاڵۆزییەکانی 2011 یەکێک بوو لە وڵاتە بەرهەمهێن و خاوەن پیشەسازییە گرنگەکانی ناوچەکە کە سەدان بەرهەمی جۆراوجۆری هەنارەدەی بازاڕی وڵاتانی ناوچەکە دەکرد.
بەشار ئەسەد کێیە؟
بەشار ئەسەد منداڵی سێیەمی خێزانەکەی بووە.
کوڕی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریایە.
لە ساڵی 1971 بە کودەتا بووە سەرۆکی سووریا.
سەر بە حیزبی بەعسی سووریایە.
ئەسەد لە ساڵی 1988 بڕوانامەی لەبواری دەرمانسازی لە زانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە.
لە ساڵی 1992 بۆ تەواوکردنی خوێندن چووەتە لەندەن.
لە ساڵی 1994 شوێنی براکەی وەکو بەرپرسی هەواڵگریی و سەربازیی وڵاتە گرتە دەست.
سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد:
لە ساڵی 2000 بووە سەرۆکی سووریا.
لە ساڵی 2005 ژمارەیەکی زۆر بەرپرسی سەربازی خانەنشین کرد و ژمارەیە ئەفسەری گەنجی لەشوێنیان دانا.
لە ساڵی 2007 دووبارە وەکو سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.