چەند رۆژێکە بە ھۆی دۆخی خراپی خزمەتگوزاریەکان بە تایبەت کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە بەشێک لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەنگی ناڕەزایی بەرزبۆتەوە، ھاوڵاتیان بەرژانە سەرشەقامەکان داخوازیەکانی خۆیان دەخەنەڕوو، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بەرپرسان گوێ لە داخوازی خەڵک بگرن و ھەوڵی چارەسەری کێشەکانیان بدەن، بەشێوازی توندوتیژی وەڵامی خۆپیشاندەران دەدرێتەوە.
لەوبارەیەوە شەوی 13 تەمووز لە کاتێکدا دانیشتوانی خەڵکی دۆڵی خەنەقا و وەرتێ بۆ فشارخستنە سەر بەرپرسانی ئیداری رژابوونە سەرشەقام مخابن بەتەقەی ھێزە ئەمنیەکان ھاولاتیەک گیانی لەدەستدا.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای پشتیوانیمان لە داخوازیە ڕەواکانی خەڵک، ئیدانەی ھەر جۆرە توندوتیژیەک دەکەین کە ئامانج لێی سەركوتكردن و دەنگی ناڕەزایی خەڵك بێت.
جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە داخوازیەکانی خەڵک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری داخوازی ڕەوان دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاویان بگرێت.
ھەروەھا سزای ئەوانە بدرێت کە دەست بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دەبەن دژ بە ھاوڵاتیانی سڤیل و بدرێنە دەستی دادگا.
وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادەی قوربانیانى ئەم ڕووداوە و ئومێد دەکەین کۆتا قوربانی بێت.
لقی سۆرانی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
14ی تەمموزی 2025




