سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، سكرتێر و مەكتەبی سیاسی هەرسێ حزبی (شیوعی كوردستان، زەحمەتكێشانی كوردستان و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان) كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە فراوانكردنی كاری هاوبەشی جەماوەری و كاراكردنی “كاری هاوبەشی چەپەكان ” كرایەوە و چەند بڕیار و میكانیزمێكی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە وەرگیران.
بەشێكی سەرەكی گفتوگۆكان تەرخانكرا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی هەرێم. بەشداربووان نیگەرانی خۆیان نیشاندا لە “بێباكی هاوپەیمانی حوكمڕان” بەرامبەر قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەكان و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە. هەروەها ڕەخنەی توندیان گرت لە بەردەوامی پەكخستنی دامەزراوەكان و نەبوونی گفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، پڕۆژەی لایەنە چەپەكان و چۆنیەتی پەرەپێدانی كاری بەیەكەوەیی هەرسێ لایەنەكە خرایە بەرباس، بە ئامانجی دروستكردنی فشارو هێزی كاریگەرتر لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا.
كۆبوونەوەكە لە بارەگای بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان بەڕێوەچوو،
هاورێیان (ئەبووكاروان) سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی
(بەڵێن عەبدوڵا) سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی کوردستان
(مام خدر) سكرتێری بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی هەرسێ لایەن .





