کۆمپانیای بیجۆی فەرەنسیی ئۆتۆمبێلێکی نوێی دەرکردووە کە بەشێک لە چاودێرانی بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل وەک جوانترین ئۆتۆمبێلی گەنجانە وەسفی دەکەن، بەوپێیەی دیزاینێکی ناوازەی ئەوتۆی هەیە کە لەیەک کاتدا رواڵەتێکی هێرشبەرانە و هێز و نوێگەریی پێبەخشیوە.
جیاوازیی ئۆتۆمبێلە نوێکەی بیجۆ هەر لە بۆدییەکەی و ڕواڵەتی دەرەوەیدا نییە، بەڵکو بەشی ناوەوەشی زۆر کەشخە و سەرنجراکێشە و هەموو رەگەزەکانی نوێگەریی و ناوازەیی تێدایە، هەروەک داشبۆردییەکەشی نوێترین شاشەی لەمسیی تێدایە کە تاڕاددەیەکی زۆر دەستبەرداریی دوگمە کلاسیکییەکان بووە.
ئۆتۆمبێلەکە درێژییەکەی 4 مەتر و 68 سانتیمەترە و بەرزییەکەشی 147 سانتیمەترە، تایەکانیشی زۆر تایبەتن و قەبارەکەیان لەنێوان 17 بۆ 20 ئینچدایە، لەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەدا دوو ریز جڵدی ئاسوودەی تێدا بەکارهاتووە کە سیستەمەکانی فێنککردنەوە و گەرمکردنەوە و سیستەمی شێلانی پشتی تێدایە.
هەرچی تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی تری ئۆتۆمبێلەکەن بریتین لە:
بوونی سیستەمی بینینی شەوانە و نوێترین سیستەمی موڵتیمیدیا و 10 بڵندگۆی ئاست بەرز.
سیستەمی گونجانی خێرایی لەڕێگای 9 راداری پێشکەوتوو کە بەشێوەی ئۆتۆماتیکی کۆنترۆڵی خێراییەکە دەکەن.
بوونی سێنسەری رووناکی و باران و سێنسەری دیاریکردنی مەودا و کامێرای بینینی هەموو لاکانی ئۆتۆمبێلەکە.




