هیوا سهید سهلیم
مانگی داهاتوو بۆ عێراقیەکان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان مانگێکی پڕ جووڵە دەبێت، تینی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵێنی کاندیدەکان، رکابەری توندی حزبە سیاسیەکان بۆ گەیشتنە پەرلەمانی عێراق، لە هەڵواسینی پۆستەر و درووشمی کاندیدەکان، لە نێو ئەو رکابەریەدا دەنگدەری کوردستان بەسەر چەندین جۆر بیرکردنەوە دابەشبووە.
ئەوەی تا ئێستا زۆرینەیە بریتین لەو دەنگانەی کە بڕیاریان داوە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، هەروەها نەچن بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەویش بە هۆی بێ ئومێد بوونیان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش بە گشتی و پرۆسەی هەڵبژاردن بە تایبەتی.
بەشێکی ئەو چین و توێژانەی کە بڕیاریان داوە دەنگ نەدەن دەزانن ئەگەر لە رابردوودا بایکۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنیان کرد بێت هیچ لە هەڵوێستەکەی نەگۆڕدراوە. چونکە لایەنی دەستڕۆیشتوو دەنگی لە جیاتی ئەوان داوە، دەنگدانێک کە بە حەزی کاندیدەکانی دەسەڵات بووبێت.
بۆیە لە ئێستادا کار لەسەر ئەو دەنگانە دەکرێت و هاندەدرێن کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، ئەگەر هەر موکڕیشن لەسەر بایکۆت با بایکۆتی پڕۆسەکە نەکەن بگرە بایکۆتی ئەو هێز و لایەنانە بکەن کە لێیان ناڕازین، با بچن کارتی سپی بخەنە سندوقەکان، بەو کارەیان رێگردەبن لە دزی و تەزویری دەنگەکانیان.
لە بەرامبەر ئەو چین و توێژانەی کە بڕیاری بایکۆتیان داوە، خەڵکانێک هەن خۆشیان بێت ترشیان بێت دەبێت دەنگ بدەن، وە دەبێت دەنگیش بە لایەنێکی دەسەڵات بدەن، ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە ئەو توێژانە ئازادنین لە دەنگدان، بگرە لە ترسان و لە برسان دەبێت دەنگ بە یەکێک لە دوو لایەنی دەسەڵات بدەن.
ئەو جۆرە لە دەنگدەرە ترسێندراون کە ئەگەر دەنگ بەو لایەنە نەدەن لە پۆست و تەنانەت وەزیفەی سادەش جێگایان لەق دەبێت، گەنجە دانامەزرێت، بگرە لە کەرتی تایبەتیش دەرفەتی کاری پێنادرێت، دەترسێت دەنگ نەدات قووتی ژیانی خۆی و خێزانی ببڕدرێت، وەک جۆن بینرا لە خوولەکانی رابردوو هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان داهێنانیان کرد لە سزای سیاسی.
فشارخستنە سەر دەنگدەر بەوەی دەبێت وێنەی کاتی دەنگدانی بگرێت، تەنیا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، چونکە بە پێی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکان ئەوم جۆرە کارە زەوتکردنی ئازادی تاک وئازادی بیروڕایە.
لەپاڵ ترساندن سیاسەتی برسیکردنیش هەیە، پەیرەوکردنی سیاسەتی برسیکردن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان هەمیشە چاویان لە دەستی هێزەکانی دەسەڵات بێت بێت، هەر بۆیە بۆ دامەزراندنی کرێکارێک و ژینگەپارێزێکیش لە کەرتی بەناو تایبەت، دەبێت ئەو کەسە تەزکیەی بارەگا حزبیەکان بێنیت.
لێرەدا دەپرسین ئایا دەنگدەر دەتوانێت رووبەڕووی سیاسەتی ترساندن بێتەوە؟ ئەو ترس و تۆقاندنە وەهمیە بێ کاریگەر بکات؟ کە لە رابردووشدا بەشێک لەو سڕە بەتاڵکراوە، بە تایبەت لەو خوولەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە چاودێری زۆری بیانی دەکرێت، لەوانەیە ئاسان نەبێت وەک جاران حزبە دەسڕۆیشتووەکان چاو لە خەلکی سووربکەنەوە، لەسەر سندوقەکان مەیلی دەنگدانیان پێ بگۆڕن.
خەڵک لە بەرامبەر چی دەنگیان پێبدات، لە چوار ساڵی رابردوو تا ئێستا تەنیا لە هەرێمی کوردستان دووسەد هەزار گەنج زانکۆی تەواوکردووەو دانەمەزراوە، بێ کارو کاسبی لە ماڵەکەی دانیشتووە یان بە یاریەکانی تۆرە کۆمەڵایەتیەکان خەریکە یان ئاڵودەی نێرگەلە بووە، بەشێکیشیان لەبەر ئەو بارودۆخەی سەرخۆی هەڵگرتووەو بە مەبەستی گەیشتن بە هەندەران مەترسیەکانی رێگای هات و نەهاتی هەڵبژاردووە.
شایانی باسە چین و توێژی مووچەخۆران بە جۆرەها شێواز دزی لێکراوە، جارێک بە پاشەکەوت، دواتر بە ناوی خۆگونجاندنی مووچە، لە ئێستاشدا بەردەوامیدان بە پێنەدانی سەرمووچە و بەرزکردنەوەی پلەی وەزیفی. کە ئەمەشیان دزیەکی دیکەیە کەمترین باس وخواسی لەبارەیەوە کراوە.
لە کۆتایدا دەڵێین ئەگەر ترس و برسیکردن نەبێت حزبەکانی دەسەڵات نیوەی ئەو دەنگانە ناهێنن کە لەهەر جارێک هێناویانە. ئاخر ئەگەر ترس و تۆقندن نەبێت خەلک چۆن دەنگ بە کاندیدێک دەدات کە لە بەغدا هەر خەریکی پڕکردنی گیرفانی خۆی بووبێت، خەمی خەڵکی نەکردبیتە خەمی خۆی.