دوو ئەفسەر لەسەر دۆسیەی ئەو کەسەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانینابوو بەکوشتنی ژنەكەی دەستگیركران

لە بابل دوو ئەفسەر لەسەر دۆسیەی ئەو کەسەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانی بەوەدا نابوو ژنەکەی کوشتووە دەستگیرکران.

سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دوو ئەفسەر لە پارێزگای بابل دەستگیرکراون، لەسەر دۆسیەی ئەو ھاوڵاتییەی لەژێر ئەشکەنجەدا دانیناوە بە کوشتنی ھاوسەرەکەی، دواتریش دەرکەوت ژنەکەی زیندووە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەو دوو ئەفسەرە پلەی عەقید و رائیدیان ھەیە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکھێندراوە.

ماوەی دوو رۆژە ھەواڵی دەستگیرکردنی ھاوڵاتییەک بە تۆمەتی کوشتنی ھاوسەرەکەی بەبێ ئەوەی تاوانەکەی ئەنجام دابێت، شەقامی عێراقی وروژاندووە و کازمیش بەڵێنیداوە بە سزادانی ھەموو ئەو کەسانەی لەو دۆسییە تێوەگلاون.

پەیوەندیدار