سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر رۆژئاڤای کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، “پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لەوێوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان هێرش بکەینە سەریان”.
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی وتارێکدا ئێوارەی رۆژی دوشەممە لە باسی بونی “هەڕەشە لە سوریاوە بۆ سەر تورکیا” کرد و رایگەیاند، “ئاراممان نەماوە، پێداگرین لەسەر ئەوەی ئەو هەڕەشانەی لەوێوە سەرچاوە دەگرن یان لەگەڵ ئەو هێزانەی لەوێدان، خۆمان هێرش بکەینە سەریان، لەگەڵ دوایین هێرش بۆ سەر پۆلیسەکانمان و دنەدانی سەر خاکەکەمان ئیدی جامەکە لەسەری رژاوە، لە کەمترین ماوەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە هەنگاوی پێویست دەنێین”.
ئەو هەڕەشەیەی سەرۆک کۆماری تورکیا لەکاتێکدایە کە 10ی (تشرینی یەکەم/10) دو پۆلیسی تورکیا لە ناوچەی ئەعزازی سوریا لە هێرشێکی موشەکیدا کوژران و دو پۆلیسی دیکەش برینداربون، تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەو هێرشە موشەکییەی لە ئەستۆ نەگرتوە.
مانگی (ئاب/8)ی 2016 تورکیا بە هاوکاریی بەشێک لەو گروپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا هێزی سوپای ناردە ناو خاکی سوریاوە، هەریەکە لە شارەکانی جەرابلوس، ئەلباب، راعی و ئەعزازی کۆنتڕۆڵکرد، 20ی کانونی دوەمی 2018ش تورکیا بە پاڵپشتی گروپە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون”ی دەستپێکرد و دوای 58 رۆژ بەرگری لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە عەفرین کۆنتڕۆڵکرا.
هەروەها 12ی تشرینی یەکەمی 2019 ئۆپەراسیۆنێکی لە ژێر ناوی ”کانی ئاشتی” بۆ سەر گرێسپی و سەرێکانیی رۆژاوای کوردستان دەستپێکرد و کۆنتڕۆڵی کرد.