دوای ئەوەی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عیراق سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی لە بەغدا كرد ، هێزە عیراقییەكانی ڕاسپارد تا سندوقەكانی دەنگدان لە كۆگاكانی كۆمیسیۆن بپارێزن .
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەری عێراق بڵاوكراوەتەوە، مستەفا كازمی لە بەغدا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنییەتی رێوشوێنە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی لە بەغدا كرد .
مستەفا كازمی باسی لە سەركەوتنی پلانی ئەمنی و گرتنەبەری سەرجەم ئامادەكارییە پێویستەكان كردووە لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا، كە بۆ یەكەمجار بەبێ قەدەغەی هاتووچۆ و هیچ كێشە و گرفت و هەڕەشەیەك بەڕێوەچوو.
لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، مستەفا كازمی فەرماندە ئەمنییەكانی راسپارد، كە ئەركەكانیان لەپێناو پاراستنی سندوقەكانی دەنگدان و كۆگاكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو بكەن، هەروەها ئەركەكانیان لەپاراستنی وڵات و هاووڵاتییان لەمەترسی تیرۆردا زیاتر بكەن و هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە.