نەرویج… كەسێك بە تیروكەوان پێنج كەسی كوشت

لە شارۆچکەی کۆنگسبێرگ لە نەرویج کەسێکی دانیمارکی بە تیروکەوان 5 کەسی کوشت و دووانیشی بریندارکرد، دواتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

پۆلیسی نەرویجی دەڵێت گومانلێکراوەکە کەسێکی تەمەن 37 ساڵانە، پۆلیس ناو و پاڵنەری هێرشەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون گومانلێکراوەکەیان بردووەتە شاری درامن، لەوێ رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.

ئۆیڤیند ئاس، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆنگسبێرگ دەڵێت هێرشکارەکە بەتەنیابووە و کەسی دیکە دەستی لە هێرشەکەدا نەبووە، هاوکات پۆلیسی نەرویج “پاڵنەری تیرۆرستی” بۆ هێرشەکە بەدوور نازانیت.

ئەو هێرشە لەکاتێکدایە، مانگی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەچوو، پارتی کۆنسەرڤاتیڤ کە دەمێکە لە دەسەڵاتە، ئەمڕۆ پێنجشەممە پۆستی سەرۆکوەزیران بۆ جۆناس گار، سەرکردەی پارتی کار بەجێدەهێڵێت.

جۆناس کار بەر لەدەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکوەزیران لە پۆستێکی تویتەردا هێرشەکەی بە: “دڕندانە و خوێناوی ناوبرد”

ئێرنا سۆلبێرگ، سەرۆکوەزیرانی نەرویج کە ئەمڕۆ دوایین رۆژیەتی لە پۆستەکەیدا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هێرشەکەی بە “قێزەون” ناوبرد و گوتی هەموو هەوڵێک بۆ بە ئامانجگەیاندنی لێکۆڵینەوەکان دەخەنە گەڕ.

لە سەرتاسەری نەرویج داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە چەک هەڵگرن. لەکاتێکدا بەگوێرەی یاسای نەرویجی، پێویستدەکات ئەفسەران گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکرێت ئینجا چەک هەڵگرن.

لە 2011شدا ئاندیرس بهرینگ بریڤیک، هاووڵاتی نەرویجی سەر بە گرووپە پەرگیرە راستەکان تەقەی لە خەڵک کرد و 77 کەسی کوشت، کە زۆربەیان مێرمنداڵ بوون، ئاندیرس 21 ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندراوە کە ئەمەش قورسترین سزایە لە وڵاتەکە.

لە مانگی ئابی 2019شدا کەسێک لە ئۆسڵۆ هەڵیکوتایە سەر مزگەوتێک و کەسێکی کوشت، دواتر تۆمەتی تیرۆری درایە پاڵ.

پەیوەندیدار