وادەی كۆتایی كاركردن بە ناسنامەی باری شارستانی ئاشكراكرا

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لەبارەی کارکردن بە ناسنامەی باری شارستانی ئاماژە بەوە دەکات، ناکرێت ناسنامەی باری شارستانی کاری پێنەکرێت، چونکە هێشتا بەڵگەنامەیەکی فەرمییە و بەکاردەهێندرێت، نابێت دەستبەرداری ببین، تەنیا لەکاتێکدا نەبێت کە هەموو هاووڵاتیانی عێراق بتوانن ببنە خاوەنی کارتی نیشتمانی.

لیوا خالد ئەلمەحنا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: “بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی بەردەوامە لەکارکردن لە هەموو بنکەکانی کارتی نیشتمانی لەپێناو رایکردنی کاروباری هاووڵاتیان”.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێشبینی دەکەن لە ماوەی ساڵی داهاتوودا زۆرینەی هاووڵاتیانی عێراق ببنە خاوەنی کارتی نیشتمانی. کارتی نیشتمانی ناسنامەیەکی زیرەکە و حکومەتی عێراق لە جیاتی ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی عێراقی دەیداتە هاووڵاتیانی عێراق، تائێستاش بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و لە شارەکانی دیکەی عێراقیش ئەو کارتەیان لەجیاتی ناسنامە و رەگەزنامەی عێراقی وەرگرتووە.

ماوەیەک بوو بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرهێنانی کارتی نیشتمانی وەستابوو، بەڵام رۆژی سێشەممە 12-10-2021 وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کە دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستپێدەکاتەوە.

پەیوەندیدار