د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەڵێت، چەند رۆژێكە رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا زیادی كردووە و پێویستە هاووڵاتییان ڤاكسین بەكار بێنن.
د. ئاسۆ حەوێزی بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، چەند رۆژێكە رێژەی پۆزەتیڤ لە پشكنینەكانی كۆرۆنادا زیادی كردووە و بووەتە هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەكە، وەزارەتی تەندروستییش رێكاری پێویست دەگرێتە بەر و ئەگەر پێویست بكات لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پێداچوونەوە بە رێنمایییەكانی خۆپارێزیدا دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سەرەتای كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكانەوە چەندین بنكەی ڤاكسین تەرخان كرابوو بۆ مامۆستایان، بەڵام بەداخەوە پابەندبوون بە لێدانی ڤاكسین وەك پێویست نەبووە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، باشترین چارەسەر بۆ ئێستا ئەوەیە كە هاووڵاتیان سەردانی بنكەكانی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بكەن تاوەكو دوور بن لە ڤایرۆسەكە، ئەگەر ڤاكسین وەرگرن كۆرۆناش بگرن ناگاتە ئاستی مەترسیدار.