بڕیاری دەركردنی 10 باڵیۆز لەلایەن ئەردۆغانەوە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

بڕیاری دەركردنی باڵیۆزی 10 وڵات بەهۆی داواكردنی ئازاد كردنی كەسایەتیەكی ئۆپۆزسیۆنی توركی كاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا، بڕیارەكە بە تۆتالیتاری ناودەبات و ئەمریكاش داوای روونكردنەوە لە ئەنقەرە دەكات.

دوای ئەوەی باڵیۆزی 10 وڵات داوای ئازاد كردنی “عوسمان كافالا” ئۆپۆزسیۆنی توركیایان كرد كە لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە دەستگیر كراوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاری دەركردنی ئەو 10 باڵیۆزەیدا.

لای خۆیەوە دیڤید ساسولی سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپی رەخنەی لە بڕیارەكە گرتوە و لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، “دەركردنی 10 باڵیۆز ئاماژەیەكی تۆتالیتارییە لەلایەن حكومەتی توركیاوە، ناترسین، ئازادی بۆ عوسمان كاڤالا”.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویكردووەتەو، حكومەتەكەی لەگەڵ وڵاتانی تردا لە گفتوگۆدایە سەبارەت بەو بڕیارە و لێدوانەكانی ئەردۆغان لەبەرچاو گیراون، لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بڵاویكردووەتەوە، كە باڵیۆزخانەكەیان لە ئەنقەرە هیچ ئاگادار كردنەوەیەكی بەدەست نەگەیشتووە، باڵیۆزخانەی نیوزلەنداش جەختی لەوە كردووەتەوە، هیچ نوسراوێكی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە.

لەلایەكی ترەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەداوە، چاوەڕێی رونكردنەوەن لە لایەنی توركی سەبارەت بەبڕیاری دەركردنی 10 باڵیۆز لەناویاندا باڵیۆزی ئەمریكا.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، باڵیۆزانی “ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، دانیمارك، هۆڵەندا، نیوزلەندا، نەرویج، سوید و فینلەندا” لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایان لە حكومەتی توركیا كرد “عوسمان كاڤالا” كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ئازاد بكرێت، چونكە دەستگیر كردنی گومان لەسەر دیموكراتی و سەروەریی یاسا لە توركیا دروست دەكات.

عوسمان كاڤالا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێكدانی سەقامگیری توركیا دەستگیر كراوە و بڕیارە 26ی مانگی داهاتوو جارێكی تر ببرێتە بەردەم دادگا.

پەیوەندیدار