یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویانکردەوە، ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری یانەکەیان لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
یانەکە ئاشکرایکردووە، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانە کەتەلۆنیەکە دوای شکست یانەکەی بەرامبەر ڕایۆ ڤایۆکانۆ، کومانی ئاگادار کردوەتەوە کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و پێنجشەممەش ماڵئاوایی لەیاریزانەکانی یانەکە دەکات.
یانەکە سوپاسی کومان دەکات بەرامبەر ئەو خزمەتەی پێشکەشی یانەکەی کردوە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستوە لە کاری داهاتوویدا.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی كەتەلۆنیا پاش دوورخستنەوەی کومان لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی بەرشەلۆنە لە ئێستادا چاوەکان لەسەر چاڤی یاریزانی پێشووی بەرشەلۆنە و ڕاهێنەری ئێستای یانەی سەدی قەتەرییە.
لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی مۆندۆدیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکرد، چاڤی پاڵێوراوی سەرەکییە و ئامادەیە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەو مەرجەی یانەی سەد کارئاسانی بۆ بکەن و پێویستە گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە دەستپێبکات تا بە فەرمی ڕێگەی بدەن دەست لە ئەرکی ڕاهێنەرایەیتی یانەکەیان بکشێنێتەوە.
مۆندۆ ئاشکراشیکرد، بەرپرسانی سەد پێشتر بەڵێنیان بە چاڤی داوە هەرکاتێک گرێبەستی فەرمی بەرشەلۆنەی پێشکەشکرا کارئاسانی بۆ ڕۆیشتنی لە یانەکەیان دەکەن و لە ئێستاشدا چاوەڕێی گرێبەستی فەرمی بەرشەلۆنەیە.
پاش دوورخستنەوەی کومان لە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی بەرشەلۆنە جگە لە چاڤی هێرناندێز، گایاردۆی ئەرجەنتینی و ڕاهێنەری ڕیڤەرپلەیت دووەم بەهێزترین بەربژێرە بۆ سەرپەرشتی کردنی یانەی بەرشەلۆنە لە قۆناغەکانی داهاتوودا