ئەمریكا شەرم لە كورد دەكا؟

سەنگەر رەسوڵ

بەمدواییانە ڕێککەوتنی ئۆکس [AUKUS] لەنێوان ئەمریکاو ئوسترالیاو بەریتانیا جۆرێک لە دیبلۆماسییەتی هێنایە پێشەوە کە تەنانەت مەحبوبترین هاوپەیمانیش ئەگەری جێهێشتنی هەیە لەبەرامبەر بەرژەوندییە باڵاکانی وڵاتان ئەگەر ناوی بنێین ئاسایشی نێونەتەوەیی. وەک گۆڤاری بەناوبانگی ئیکۆنۆمیست لەبارەی فەڕەنسا وەک قوربانییەک بۆ ئەو هاوپەیمانییەتە نوێییە ئاماژەی پێداوە: دۆڕاندنی گرێبەستێکی چەوری سەربازی شتێکە قابیلی قبوڵکردنە بەڵام ئەوەی قورسە قبوڵ بکرێ و هەزم بکرێ ئەوەیە بۆ چەند مانگێک نزیکترین دۆست و هاوپەیمانەکان بەبێ تۆ و بەشاراوەیی کۆببنەوەو پلان دابڕێژن! ئەمە چ جۆرە زەنگێکە بۆ یاریزانە بچووکەکان؟

هەڵبەتە سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی دەوڵەتان شەرم لەکەس ناکات تەنانەت ئەگەر بە فرۆشتنی هەرکەس ولایەنێک بێت، بۆیە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەمێکە بنچینەی یەکەمی پاراستنی هەیبەت و پێگەی دەوڵەتەکەیە لەسەر ئاستی جیهانی دواتر گرنگی دەدات بەپاراستنی دیموکراسییەت و مافە نێودەوڵەتییەکانی دیکە! ئەم سترتیژییەتە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی ناکرێ بە سەرسورژان و حەپەسان وەسف بکرێ هێندەی بەوەی پێناسە بکرێ ئاخۆ من وەک یاریزانێکی سیاسەتی دەرەوە چیم بونیادناوە بۆ ئەگەرەکان و چ بناغەیکم داڕشتووە تا بێ هاوپەیمانەکانم تا ماوەیەک بەرگەی شەپۆڵ و دژە هێرشەکان بگرم؟

ئەمریکا کە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان چۆڵ دەکا، ئەوا هێندە گێژ نییە نەزانێ چەند بودجەو قوربانی مرۆیی داوە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، بەڵام سوور دەزانێ ئەوە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانن لەوانە گۆڕانی جەمسەری هێز لەرووسیاوە بەرەوە بلۆکی رۆژهەڵات چاینا و لەوەش گرنگتر گۆڕانە لەسەرچاوەی بەردەوامی ووزە لەسێکتەری نەوتەوە بۆ مایکرۆچپس و تەکنەلۆژیا! 

هەرێمی کوردستان چیتر بە بۆڕییەکی نەوتی هەنووکەو بۆڕییەکی گازی سروشتی داهاتوو ناتوانێت گرەنتی ئەوە بکات کە هاوپەیمانەکانی ئەمرۆ هەمان هاوپەیمانکەنای سبەی دەبن. دەبێ هەرێم بزانێت ئەگەر دادپەروەری و دیموکراسییەت نەچەسپێنێ؛ چۆن چۆنی بروا بەهاوپەیمانەکان دێنێ کە قابیلی پارێزگاریکردن و مانەوەیە؟ ئەگەر هەرێم جیاواز نەبێت لەزیندانی کردنی ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسان لەچاو ئێران وتورکیا ئەوا چۆن دەتوانێ قەناعەت بەهاوپەیمانەکانی بکات کە بەرگری لێبکەن لەبەرامبەر هێزەکانی دژ بەدیموکراسییەت و بەلایەنی کەمەوە بەپێگەو توانای دارایی ئێستا کە هەیە بیهڵنەوە؟

هەرێمی کوردستان و سەرجەم پێکهاتەکانی کە ئێستا لەسەر خاکەکەی دەژن لەبەردەم هەڵبژاردنێکی قورس نین هێندەی لەبەردەم سیاسەتی سیاستە دارێژەرانن کە ئایا حەکیمانە هەڵسوکەوت دەکەن یاخود گێژانە و سەرەڕۆییانە نیشتیمان هەڕاج دەکەن؟!

پەیوەندیدار