وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامی نوێی گۆڕانکارییەکانی زانکۆلاین رادەگەیێنێت کە بە گوتەی، عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان گۆڕانکاری لە بەشی 25 هەزار قوتابیدا کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2-11-2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کاتژمێر 12:30 خولەک ئەنجامی نوێی گۆڕانکارییەکانی وەرگیراوان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022) رادەگەیێنێت.
عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکارییەکە بۆ هەموو قوتابییەکان و هەموو نمرەکانە.
ئەمساڵ 63 هەزار قوتابیی 12ـی ئامادەیی داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پێشکێشکردبوو. عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی ئەوەشی گوت، گۆڕانکارییەکە بەشێوەیەکە بۆ نموونە، “قوتابییەک ویستوویەتی لە بەشی ئەندازیاری بخوێنێت، بەڵام لە بەشی زانستەکان ناوی هاتووەتەوە، بۆیە ئێستا بەشەکەی گۆڕاوە بۆ ئەندازیاری.”