زبڵ و خاشاک لە بیابانەکانی ئیمارات زیاد دەبن و بووەتە کێشەیەکی جیدی، ئەم وڵاتە رێگەیەکی نوێی دۆزیویەتەوە کە رزگاربێت لەم کێشەیە، ئەویش دانانی کارگەیە بۆ سووتاندن و گۆڕینی بەشێک لەو زبڵە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
هەرچندە ئیمارات دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، بەڵام ئەو وڵاتە بەم چەشنە بووەتە یەکەم وڵاتی کەنداوە کە لە زبڵەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت.
نووف وەزیر، ئەندازیار لە کۆمپانیای بەڕێوەبەردنی زبڵ دەڵێت “هەموو کەسێک نازانێت کە زبڵ بەهایەکی هەیە، لێرە لە کۆمپانیای “بیئە” پێمانوایە کە زبڵ خاوەن بەهای خۆیەتی و بەڵگەش ئەوەیە کە کارەبای لێ بەرهەمدەهێنین. ئەمە شتێکە کە زۆر لە وڵاتان و خەڵکی جیهان ئارەزووی بۆ دەخوازن.”
جگە لە چارسەرکردنی بەشێک لە کێشەی کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک، بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئیمارات کەمتر پشت بە گازی سرووشتی ببەستێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا. ئەم پرۆژە گەورەیە کە لە شارجە جێبەجێدەکرێت و بڕیارە ئەمساڵ بکەوێتەکار، هێندە کارەبا بەرهەمدەهێنێت کە دەتوانێت 28 هەزار ماڵ رووناک بکاتەوەو کارەبای پێویستیان بۆ دابینبکات.
عالیە نەقبی، بەڕێوەبەر لە کۆمپانیای زبڵ بۆ وزەی شارجە دەڵێت “ئامانجی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە ساڵانە 300 هەزار تۆن لەو پاشماوەیەی کە ریسایکلینگ نابێتەوە بکرێتە کارەبا. ئەو 300 هەزار تۆنە یەکسانە بە 24٪ ی ئەو زبڵەی کە ساڵانە ئێمە وەریدەگرین.”
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، پرۆژەیەکی هاوچەشن لە دوبەی لە قۆناخی جێبەجێکردنە کە تێچووەکەی 1.2 ملیار دۆلارە.
پرۆژەکەی دوبەی کاتی زیاتر دەخایەنێت تەواوبکرێت و بڕیارە لە ساڵی 2024 بەتەواوەتی بکەوێتەکار، بەڵام ئەو پرۆژەیە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە زبڵ و پاشماوەی خۆراک لەسەر ئاستی جیهاندا.
ئەو زبڵەی کە لە زۆربەی وڵاتان کۆدەکرێتەوە، بەشێکی پلاستیک و ماددەی رەقی وەک ئاسنە کە دەکرێت ریسایکلینگ بکرێتەوە، بەڵام بەشەکەی دیکەی ماددەی ئۆرگانی واتا پاشماوی خۆراکە کە دەکرێ کارەبای لێ بەرهەمبێت.
راید بێستانی، دامەزرێنەری ئێکۆسکوێەر ئاماژە بەوە دەدات “ئەم وڵاتە وڵاتێکە کە بەکارهێنان زۆرە و پاشماوی زۆری ئۆرگانی و نائۆرگانی وەک زبڵ فڕێ دەدرێت. ئەوەی کە نائۆرگانییە، پاشماوەکانی وەک پلاستیک و دار و ئاسن و شتی دیکەن.”
ئیمارات ناوەندێکی گەورەی بازرگانی نیودەوڵەتییە و بەوهۆیەشەوە ساڵانە هەزاران تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەبێتەوە و بووەتە کێشەیەکی گەورەی ژینگەیی.
هاوکات بەکارهێنانی کارەبا لەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی 1990 بەڕێژەی 750% زیادیکردووە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ئیمارات بۆ نزیکەی 10 ملیۆن کەس، دامەزراوەی وەها لە چەندین رووەوە خزمەتێکی گەورەی پێدەکات. قەبارەی زبڵ کەمدەکاتەوەو بڕێک لە پێداویستییەکانی کارەباش دابیندەکات.