نرخی مردنەكەت چەندە؟؟

هەندرێن شێخ راغب

روداوەكەی چەند رۆژی رابردووی نەخۆشخانەكەی هەولێر، شتێكی سادە نیە! مرۆڤێك دەمرێت دوای پێدانی پارەیەكی زۆریش؟ ئینجا نەخۆشخانە تەرمەكەی ناداتەوە تاوەكو نزیكەی 10 ملیۆن دیناری دیكەش نەدات. تۆ مافی مردن و شێوەی مردن و كات و شوێنی ناشتنی تەرمەكەشت لە دەست داوە..؟

دۆخی كەلەبەری چینایەتی لە هەرێمی كوردستان زۆر مەترسیدارە، پارە جێگای هەموو قیەم و مرۆڤ بون و هەست و نەستێكی مرۆڤی گرتۆتەوە، كەسمان نكۆڵی لە گرنگی سەرمایەو پارەو داهات ناكەین، بەڵام نەك بۆ بێ بەهاكردنی ژیانی مرۆڤ و بە پارەبوونی تەواوەتی مرۆڤ.

من تەرمەكەت نادەمەوە، مافی ئەوەت نیە بچیتە گۆڕەكەتەوە، تاوەكو ئەوەندە ملیۆن دینارەم پێ نەدەیت؟ ئەمە گۆڕانێكی جفاكی مەترسیدارە لە كۆمەڵی كوردەواری. كورد هەندێك قیەم و شین و شایی هێجگار جوانی هەیە، مەرج نیە دنیای تازەو باق وبریق لەو جوانتر بێت و هەموو شتێك بەم دنیا تازەیەی دۆلارو بازاڕو كۆشك و تەلارەكان بدەین. كۆشك و تەلارەكان بۆ ئەوە نین كەلێنی چینایەتی گەورە دروست بكەن، بۆ ئەوەن ژێرخانی ئابوری و سەرخانێكی زیندووی كۆمەڵایەتی دروست بكەن.

كەرتی تەندروستی لە دەرمان و نەخۆشخانەو مامەڵەی نەخۆش و دكتۆرو ماناكانی ئینسان بوون، جێگای هەڵوەستەی زۆر جددیە، ئەوانەی بڕوایان بە ماناكانی مرۆڤ بون هەیە، دەبێت كارێك بكەن. ناكرێ كەرتی تەندروستی بەم دۆخەدا بڕوات. دكتۆری باش هەیە، ویژدانی باش هەیە، پێش ئەوەی رۆحیان بمرێت، سود لە پێشنیارو بۆچون و ویژدانیان وەربگرن.

كە هەموو شتێك بووە پارە، هەموو شتێكیش دەكەین بۆ پارە، ئەوكات هەموومان لەش فرۆشین، بەڵام بە ناونیشانی جیاواز.

پەیوەندیدار