شوێنی هه‌ڵدانی درۆنه‌ هێرشبه‌ره‌كان بۆ سه‌ر ماڵی كازمی ئاشكراكرا

وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق رایگه‌یاند، ئەو شوێنەی درۆنە هێرشبەرەکانی‌ بۆ سەر ماڵی‌ مسته‌فا كازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لێهەڵدراوە، ئاشکراکرا.

سەعد مەعن، بەڕێوەبەری‌ راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی‌ ناوخۆی عیراق ئاشکرایکرد، لەناوچەکانی‌ باکووری‌ رۆژهەڵاتی‌ بەغداوە، درۆنە هێرشبەرەکان بۆ سەر ماڵی‌ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق هەڵدراون.

سه‌عد مه‌عن، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ماوەی‌ 10 بۆ 20 کیلۆمەتر درۆنه‌كان بە نزمی فڕیوون و هێرشەکەیان ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە حه‌وت کەس له‌ پاسه‌وانه‌كانی كازمی برینداربوون.

پێشتریش سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندبوو، لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی ئەو شوێنەیان گرتووە، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا هەڵدراون.

شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ 7ی تشرینی دووه‌می 2021، هه‌وڵی تیرۆركردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق درا له‌ رێگه‌ی سێ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق رایگه‌یاندبوو، كه‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان دوو فڕۆكه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌، یه‌كێكیشیان به‌ ماڵه‌كه‌ی كازمیدا ته‌قییه‌وه‌.

پەیوەندیدار