نوێنەری هەرێم لە پۆڵندا: کەیسی کۆچبەران زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان

زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵندا رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانەی کورد کە لەئێستادا لەسەر سنوری پۆڵندان بەهۆی ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن “زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان، چونکە زۆر شتی ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان و چیرۆکی هەڵبەستروای وایان دروستکردوە کە عەقڵ قبوڵی ناکات “.

زیاد ڕەئوف بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، “ئێمە ئاگاداری دۆخی ئەو پەنابەرە کوردانەین کە گەیشتونەتە پۆڵندا، بەڵام ئەوانەی لەو دیو سنورەوەن ئاگاداری دۆخیان نین جگە لەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، چونکە سنور داخراوە هەتا ئەگەر بمانەوێت بچینە نزیک سنور ڕێگە نادەن کراوەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەنراوە،

تەنانەت ڕێگە بە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنوسانیش نادەن بچنە ئەو شوێنە، بەڵام بەگوێرەی ئامارێک لەم کاتەدا 1200 کۆچبەر لە پۆڵندا هەن کە هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین و زۆربەیان کوردن، هەروەها بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە وە میدیاکانی پۆڵنداش باسی دەکەن 3-4 هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری بیلاڕوسن کە زۆربەیان کوردن

لەبارەی دۆسیەی کۆچبەرانی کوردیش نوێنەری حکومەتی هەرێم دەڵێت، “کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵندا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵندا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم، بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردوە کە عەقڵ قبوڵی ناکات

زیاد ڕەئوف ئاماژەی بەوەشکردوە، ” هەرچەندە لایەنی حکومەتی پۆڵندا بەفەرمی لەسەر ئەو کەیس و هۆکارانە لە ئێمەیان نەپرسیوە بەڵام میدیاکان و ڕۆژنامەنوسان لەسەری دەنوسن هۆکاری کۆچکردنی ئەو خەڵکە و پرسیارمان لێدەکەن لەوبارەوە، کە زۆریان باسییان لەوە کردوە ئازادی لەهەرێمی کوردستان نیە و ژیانیان لە مەترسی بوە لەوێ بۆیە ناچاربون کوردستان بەجێبهێڵن

پەیوەندیدار