پۆڵەندا : هەڕەشەی بەكارهێنانی چەك دژی كۆچەران دەكات

گرژی نێوان كۆچەرانی سەر سنوری پۆڵەندا و پاسەوانی سنوریی ئەو وڵاتە لە زیادبووندایە و ئانا میخالسكایا وتەبێژی پاسەوانی سنوریی پۆڵەندا دەڵێت، ئەگەر پێویست بكات چەك بەكاردەهێنن.


رۆژی سێشەممە كۆچەرانی سەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا هەوڵی بەزاندنی هێڵی سنورییاندا و لەلایەن پاسەوانی سنوریی پۆڵەنداوە بە غازی فرمێسكڕێژ و ئاوەوە بەرپەرچ درانەوە و گرژی لە نێوان هەردولادا دروست بوو.


لەو بارەیەوە ئانا میخالسكایا وتەبێژی پاسەوانی سنوریی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەداوە، دڵنیایی دەدەن ئەگەر پێویست بكات ئەوا پاسەوانی سنور دودڵ نابن لە بەكارهێنانی چەكەكانیان، بەڵام هەوڵ دەدەن نەگەنە ئەو قۆناغە.


هەزاران كۆچەر كە زۆرینەیان كوردی هەرێمی كوردستانن هەوڵی چوونە خاكی یەكێتی ئەوروپا دەدەن، لەسەر سنورەكانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا خێمەیان هەڵداوە و دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا رەتیدەكەنەوە سنورەكان بەڕووی كۆچەراندا بكەنەوە ئەوەش بووەتە كێشەیەكی جیهانی، بەهۆی سەرما و برسێتیشەوە كۆچەران لە بارودۆخێكی خراپدان و سەدان كەس ناویان تۆمار كردووە بۆ گەڕانەوە.

پەیوەندیدار