ئیسرائیل : دەوروبەری دیمەشقی بۆردومانکرد

کەناڵی فەرمی حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل بە موشەک دەوروبەری باشوری دیمەشقی پایتەختی بۆردومانکرد و سوپای وڵاتەکەشیان وەڵامی هێرشەکە داوەتەوە، روداوەکەش زیانی نەبوە.

کەناڵی فەرمی حکومەتی سوریا لەهەواڵێکدا باسی لەوەشکردوە، کاتژمێر 12:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بە موشەک کردە سەر ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت لەناوچەی جۆلان، هێرشەکەش خاڵێکی سەربازی کردەئامانج.

ئەوەش هاتوە، سوپای سوریا وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە و روداوەکەش زیانی نەبوە.

30ی مانگی رابردوش ئیسرائیل خاڵێکی سەربازی لەدەوروبەری دیمەشق بۆردومانکرد و بەهۆیەوە دو سەربازی برینداربون.

حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت، هۆکاری بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێزەکانی نزیک لە ئێران و حزبوڵای لوبنان لەناوچەکانی دیمەشقەوە هێرشدەکەنەسەر ئیسرائیل و سوپای وڵاتەکەیان، ئەوەش ئاسایشی سنورەکانی ئیسرائیلی خستوەتە مەترسییەوە

پەیوەندیدار