وەزیری دەرەوەی روسیا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا تورکیەکەی ئەنجامداو داوای لێکرد نیگەرانییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ ئۆکرانیا بە جددی وەربگرێت.
بەپێی ماڵپەڕی روسیا تودەی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا و مەولود چاوشئۆغڵو، هاوتا تورکیەکەی لە ڕێگەی تەلەفۆنیەوە لەبارەی قەیرانەکانی باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نیگەرانییەکانی مۆسکۆ سەبارەت بە هەناردەکردنی چەکی تورکیا بۆ ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردوە.
وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، لەمیانەی ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا کە بەدەستپێشخەری لایەنی تورکیا بەڕێوەچوە، لاڤرۆڤ و چاوشئۆغڵو بەوردی بارودۆخی ناوچەکەیان بە سەرنجدان لەسەر پەرەسەندنەکانی ئۆکرانیا تاوتوێکردوە.
وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی لەوەکردەوە کە هاندانی کیێڤ لەلایەن هاوبەشە ڕۆژئاواییەکان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ناکۆکییەکان زیاتر ببن لەناوچەکەدا.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی روسیادا هاتوە، “ئێمە داوامان کرد کە بە جددی مامەڵە بکەن سەبارەت بە نیگەرانییەکانمان پەیوەست بە مامەڵە تەکنیکییەکانی سوپای تورکیا و ئۆکرانیا”.
لە پەیوەندیە تەلەفۆینەکەی لاڤرۆڤ و چاوشئۆغڵو چەند کێشەیەکی دیکە باسکران، لەوانە پەرەسەندنەکانی قەفقاسی باشور و باڵکان، فایلەکان لەسەر ئەجێندای دولایەنە و پەیوەندیەکان لە بەرزترین ئاستەکانی نێوان هەردو وڵات.
ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە لە کاتێکدایە کە سوپای ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی (تشرینی یەکەم/10)دا رایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەستکردی تورکیا بۆ یەکەمجار لە ناوچەی ململانێ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای بەکارهێناوە.