بەختیار مستەفا
بێگومان لەهەرجێگایەکی جیهاندا پاراستنی ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان ئەرکی سەرەکی حکومەت و دەسەڵاتەکەیەتی و سەرەتایترین مافەکانی جارنامەی گەردونی مافەکانی مرۆڤە …بەداخەوە هەڵەو کەموکورتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای راپەرینەوە رۆژبەرۆژ بەها پیرۆزو نیشتمانیەکانی بەرەو نەمان و بێ بەهاکردن بردوە … نەلەبەغدا توانی کاری جدی بکات بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواو دەستوریەکانی گەلەکەمان و نیشاندانی سیمایەکی دیموکراسی و حوکمرانی باش نەلەکوردستانیش بوە جێگای متمانەی هاوڵاتیان … لەزۆربەی کاتدا حکومەت بەرژەوەندیە حیزبی و حکومیەکان و بگرە کەسیەکان بەپلەی یەکەم دەبینێت دواتر بەرژەوەندی نیشتمانی و هاوڵاتیان رۆژ بەرۆژ بارگرانی لەسەر خەڵک قورستر ئەکەن ،کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و ئاوو کارەبا و هتد بەرەوە کەرتی تایبەت ئەبەن ، بێجگە لەوەی کەبەهەر هۆکارێک بێت حکومەت چەندین موچەی پاشەکەوت و نیوە پاشەکەوت کردوە و هاوڵاتیانی بەرەو سەدان کارەساتی کۆمەڵایەتی و کۆچکردن و هتد بردوە بەدرێژایی چەندین ساڵە خەڵک خانەنشین ئەکرێت و کەس دانامەزرێت ، هاوڵاتی چەندین موچەی لای حکومەتە بەڵام کاتێک هەمان هاوڵاتی روی دەکەوێتە فەرمانگەیەکی حکومی بەبێ هیچ شەرمێک پێی دەوترێت تۆ قەرزاری باج یاخود ئاوو کارەبایت ئەگەر بری پارەکەی حکومەت 100 هەزاریش بێت و ئەوهاوڵاتیەش دەملیۆنی لای حکومەت بێت … لەچەندین روەوە حکومەت لەبەرامبەر هاوڵاتیان کەمتەرخەمە … ئەمە لەکاتێکدا کوڕی بەرپرسان و بەرپرسان خۆشیان ژیانیان لەخۆشترین گوزەران و بێباکی و رابواردندا بەسەر دەبەن سەدان داهێنانیان لەباج و خەراج دانان دا کردوە … ئێستاش بەم ئاخریەوە ناڕەوایی بەرامبەر بەخوێندکاران دەکرێت بەبەرچاوی میدیا ناوخۆیی و جیهانیەکانەوە سوکایەتی بەرۆڵەکانمان ئەکرێت … بەلێدان و فراندن و زیندانیکردن و بۆمبی فرمێسک رێژ روبەڕویان دەبنەوە لەکاتێکدا پێش شەش حەوت ساڵ بڕێک دەرماڵەیان هەبوەو ئێستا تەنها داوای گێڕانەوەی دەکەن ، ئەم داوایە داوایەکی سادەو ساکاری خۆیانەو حکومەتیش لەسەرێتی رێگا چارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە ، ئەوە ئیشی حکومەتە کەچۆن دەیدۆزێتەوە نەک ئێمەو مانان و هاوڵاتیان … بێگومانیش داوای خوێندکاران داوایەکی رەوایە بەڵام پێویستە بەرێگایەکی هێمنانەو دور لەتوندوتیژی و چونە ژێر باری ئەجندای هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی بێت و لەبەرامبەریشدا حکومەت پێویستە رێگاچارەی جدی بۆ ئەم پرسە بدۆزێتەوە و نەشهێڵدرێت توندوتیژیان لەبەرامبەردا بکرێت و سزای هەرکەسێکیش بدەن کەبەتوندوتیژی مامەڵەی لەگەڵ ئەو خوێندکارانەدا کردوەو پێویستیشە حکومەت بەفەرمی داوای لێبوردنیان لێبکات …