هەدەپە پاکێجێکی ئابوری بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان رادەگەیەنێت

هەدەپە پاکێجێکی ئابوری بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان لە دۆخی خراپی ئابوری تورکیا رادەگەیەنێت و دەڵێت: ئەردوغان لە کۆشکەکەیەوە ئاگاداری رەوشی خراپی هاوڵاتیان نییە.

گارۆ پایلان جێگری هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە رایگەیاند، پاکێجی رێکاری ئابوری کە لە شەش ماددە پێکهاتووە بۆ هاوکاریکردنی هاوڵاتیان ئامادەکراوە و پێشکەشی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیانی تورکیا ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەی خۆیان دابینبکەن و موچەکانیان بەشیان ناکات، لەبەرئەوەش پێشبینی دەکەن ساڵی (2022) بۆ تورکیا ببێتە یەکێک لە دژوارترین ساڵەکان لە ئابوری ئەو وڵاتەدا.

پایلان دەشڵێت: سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆشکەکەی خۆیەوە ئاگادری رەوشی خراپی هاوڵاتیان نییە و پێویستە بودجەی ساڵانەی داهاتی تورکیا بەپێی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان رێکبخرێت.

هەدەپە لە پاکێجە ئابورییەکەیدا داوای دابینکردنی بڕە پارەیەک بۆ هاوڵاتیانی هەژار دەکات، هاوکات داوای راگرتنی باج دەکات لەسەر موچە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە دوای (38) رۆژ لە گفتوگۆکردن بودجەی ساڵی (2022)ی تورکیا لەلایەن لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا کە لە (16) ماددەی سەرەکی پێکهاتووە.

بڕیارە رۆژی شەشی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆ لەسەر پرۆژە بودجەی ساڵی (2022) بکات، بەمەبەستی کۆتا پەسەندکردنی.

ئەوە لەکاتێکدایە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا لەکاتی گفتوگۆ لەسەر ماددەکانی ناو پرۆژە یاسای بودجەکە ، چەندین رەخنەیان هەبوو، بەڵام هیچ یەکێک لەو رەخنانە لەبەرچاو نەگیراون و بە دەنگی زۆرینە پەسەندکراوە.

پەیوەندیدار