بەریتانیا: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە دەکەین

لەبارەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری گەرمیان باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا، بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکان دەکەن و رایدەگەیێنن کە بەردەوام دەبن لە پاڵپشتییەکانی هێزی پێشمەرگە.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکیان لەبارەی هێرشەکانی شەوی هەینی و شەوی رابردووی داعش لە سنووری کوڵەجۆ – کفری بڵاوکردەوە.

لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە “باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە ترسنۆکانەکەی داعش لە گەرمیان بۆ سەر پێشمەرگە کرد.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەدا بەریتانیا پاڵپشتی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە و دەشڵێت “بەریتانیا پەیوەستە بە پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەردەوامیان لە جەنگان دژی داعش.”

باڵیۆز و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن و داوای ئارامیش بۆ ماڵباتی پێشمەرگە شەهیدەکان دەکات.

شەوی هەینی 26-11-2021 چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون.

هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە کاتژمێر 10:18 شەوی رابردوو جارێکی دیکە داعش هێرشی کردووەتە سەر خاڵێکی پاسەوانی هێزەکانی پێشمەرگەیان لە سنووری فەوجی 3ی  لیوای 17ی پیادەیان لە سنووری (کفری)دا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هێزەکانی پێشمەرگە بە توندی بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و چەکدارانی داعش کشاونەتەوە.”

داعش لە ماوەکانی رابردوودا زیاتر لە چوار جار لەو سنوورە هێرشیکردووەتە سەر پێشمەرگە. هێرشەکانیش بەجۆرێکن سەرەتا تەقە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەکەن و هەر لە نزیکی شوێنەکەش بۆمبی چێندراو دادەنێن.

پەیوەندیدار