گۆڤاری فرانس فووتبۆلی فەرەنسی، چەند رۆژێک بەر لە ئاشکراکردنی ناوی براوەی باڵۆن دۆری 2021 هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئەنجامدا و لە ماڵی خۆیدا پێیڕاگەیاند کە ئەو براوەی باڵۆن دۆرە.
فرانس فووتبۆل: باسی ژیانی خۆتمان بۆ بکە؟
لیۆنێل مێسی: من لە خێزانێکی هەژارەوە هاتووم، کە لە چینی کرێکاران بوو، باوکم بە درێژایی رۆژ کاری دەکرد، بەڵام ئێمە لە گەڕەکێکی شارستانی دەژیاین، لە ماڵەوە لە هیچ شتێکمان کەم نەبوو.
دایک و باوکمان فێری کردووین کەسی خاکی و خۆبەکەمزان بین، هەمیشە هانیانداوین بەو شێوەیە بین، من لەگەڵ ئەو بەها جوانانە گەورەبوومە و کاتێک لە تەمەنی 13 ساڵی چوومە بارسێلۆنا هەمان بەهاکانم لە یانەکە و لە لاماسیا بینی.
فرانس فووتبۆل: راستە نەیمار درێسی ژمارە 10ـی پێبەخشی، بەڵام رەتتکردەوە، بۆچی؟
لیۆنێل مێسی: ژمارە 10 تایبەتە بەو، من تازە هاتوومەتە تیپەکە، من بۆ یارمەتیدان هاتووم، دەستپێشخەرییەکی جوان بوو لەوەوە، من پێشبینی ئەوەم لە نەیمار دەکرد، چونکە ئەو دەناسم و کاتێکی زۆرم لە بارسا لەگەڵیدا بەسەربردووە، ئێمە هاوڕێی یەکدیشین.
من بە هێشتنەوەی ژمارە 10 لە لای نەیمار زۆر ئاسوودە بووم، پێمباشبوو ژمارەیەکی دیکە هەڵبژێرم، کە ژمارە 30 بوو، من ئەو ژمارەیەم خۆش دەوێت.
فرانس فووتبۆل: لە یاریی مانچێستەر سیتیدا تۆمان بینی لە دوای دیوارەوە خۆت خستبووە سەر زەوی، هەموومان گوتمان مێسی شایەنی ئەوە نییە ئەو کارە بکات؟
لیۆنێل مێسی: ئەوکات ئێمە پێویستیمان بەو شتە بوو، ئێمە بە ئەنجام لەپێشەوە بووین، هیچ یاریزانێکی دیکەمان ئەو کارەی نەکرد، بۆیە بڕیارمدا من بیکەم، لە راستیدا ئەوە شتێکی وا گەورە نەبوو، پێویستە هەموومان لەپێناو بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش قوربانی بدەین.
فرانس فووتبۆل: هەمیشە رەتتکردووەتەوە کە خۆت بە باشترین یاریزانی جیهان بزانی، سەرەڕای ئەوەی 7 باڵۆن دۆرت بردووەتەوە؟
لیۆنێل مێسی: هەرگیز وامنەگوتووە، هەرگیز بیریشم لێینەکردووەتەوە، نەمویستووە ئەوە بڵێم، سەبارەت بە خۆم تەنیا دەمەوێت یەکێک بم لە باشترین یاریزانانی جیهان.
بۆ رۆژێکیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە، بەڵام چۆن ئەو قسەیە دەکەم کە بە هەڵە لێم تێنەگەن؟ ئەو کارە بۆ من گرنگ نییە، یاخود با بڵێین من گرنگیم پێنەداوە، ئەوە هیچ شتێک لە کەسایەتیم ناگۆڕێت.
فرانس فووتبۆل: رۆژەکانی خۆت چۆن بەسەربرد، کاتێک رۆزاریۆت جێهێشت، دوای ئەوەی خێزانەکات نەیتوانی خەرجیی چارەسەریت دابین بکات؟
لیۆنێل مێسی: سەرەڕای هەموو ئەوەی باوکم خەرجی کرد، بڕی خەرجییەکە زیادیکرد، یانەی نیۆلز ئۆڵد بویز بەڵێنی پێداین کە خەرجییەکانی چارەسەریم لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام نەیکرد، کارەکە زۆر ئاڵۆز بوو.
کاتێک دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا بۆ چارەسەری بچمە بارسێلۆنا، لەبیرمە ماڵئاواییمان لە دراوسێکانمان و هەممو ئەوانەی دەمانناسین کرد، بەتەواوی دەستبەرداری ژیانمان بووین لە رۆزاریۆ، کاتێکی زەحمەت بوو، سەرەڕای ئەوەی کە ئەوە ئارەزووی من بوو.
فرانس فووتبۆل: تۆ لەوە دەترسای کە نەتوانی لە یاریکردن بەردەوام بیت؟
لیۆنێل مێسی: دواتر بۆ منیان روونکردەوە کە پرۆسەی چارەسەرییەکە چۆن بەڕێوەدەچێت، دەبووایە هەموو ئێوارەیک دەرزییەک لە رانم بدەن، بەڵام ئەوە رێگەی لێنەگرتم کە بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانم بەسەرببەم، هەروەها بەردەوامیش بووم لە یاریکردن.
فرانس فووتبۆل: چۆن پێشوازیت لە هەواڵی تووشبوونت بە کەمی هۆرمۆنەکان کرد، کاتێک منداڵ بووی؟
لیۆنێل مێسی: باشم لەبیرە، کاتێک لەگەڵ دایکم رۆیشتم بۆ ئەنجامدانی هەندێک پشکنین، دوای کاژێرێک یان دوو کاژێر هەواڵی ئەوەم پێگەیشت کە نەخۆشیی کەمی هۆرمۆنەکانم هەیە، بۆ ئەوەی راستگۆ بم، ئەوە نیگەرانی نەکردم، لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت کە من هێشتا منداڵ بووم و نەمدەزانی ئەو نەخۆشییە چییە.
بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بووم، هەروەها بەردەوام بووم لە وەرگرتنی چارەسەری، کارەکە بووە بەشێک لە ژیانم، من دەچوومە لای هاوڕێکانم و دەرزییەکەم لەگەڵ خۆمدا دەبرد، دەبووایە ئەو دەرزییە هەمیشە بە ساردی بمێنێتەوە، هەمیشە لەنێو بەفرگردا هەڵمدەگرت.
فرانس فووتبۆل: بیرت لە رۆیشتن لە بارسێلۆنا کردبووەوە؟
لیۆنێل مێسی: هەرگیز بیرم لە رۆیشتن لە بارسێلۆنا نەکردبووەوە، سەرەڕای ئەوەی ساڵی یەکەمم ئاڵۆز و زەحمەت بوو، چونکە بەڵگەنامەکانم و دەستبەرداربوونی نیۆلز ئۆڵد بویز درەنگ گەیشتن، دواتر لە قاچمدا تووشی پێکان بووم و بەهۆیەوە 3 مانگ دوورکەوتمەوە، لە نێو هەموو ئەوانەدا دایکم گەڕایەوە ئەرجەنتین و لە براکانم و خێزانەکەم دوورکەوتمەوە.
فرانس فووتبۆل: تۆ نموونەیەکی بەرزی بۆ زۆر کەس؟
لیۆنێل مێسی: نازانم من نموونەیەکی بەرزم یان نا، بەڵام نامەوێت ئەو رۆڵە ببینم یان رێنمایی بدەمە کەس، من لەپێناو خەونەکانمدا تێکۆشاوم، لە سەرەتاوە ویستم ببمە یاریزانێکی پیشەگەر، دواتر چەند ئامانجێکم بۆخۆم دیاریکرد، لەنێو هەموو ئەوانەدا شانسیش یاوەرم بوو، ئەوە پەیوەندی بە خواشەوە هەیە، کە من پێموایە خوا هەموو ئەوەی پێبەخشیوم.
فرانس فووتبۆل: لە 2011 گۆڵێکی جوانت بەرامبەر ئارسیناڵ تۆمارکرد، کاتێک تۆپەکەت بەسەر ئەلمۆنیادا بەرزکردەوە و ئینجا لێتدا، ئایا تۆ هەمیشە مەشق لەسەر ئەو جۆرە گۆڵانە دەکەی؟
لیۆنێل مێسی: نەخێر، هەموو شتێک لە چرکەیەکدا روودەدات، زەحمەتە تۆ پلان بۆ گۆڵێکی وەک ئەو گۆڵە دابنێی، ئەوە تەنیا گرتەیەک بوو وەک زۆر گرتەی دیکە کە روودەدەن.
من رۆژانە مەشق دەکەم و هەوڵدەدەم باشتر بم، هەر لە منداڵییەوە هیچ کاتێک شێوازی یاریکردنم نەگۆڕیوە، هەندێک گرتە و جوڵە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دێن بەگوێرەی بارودۆخەکان و وردەکاریی یارییەکە، لە گرتەی گۆڵەکەی بەرامبەر ئارسیناڵ پێموابوو ئەو جوڵەیە باشترین و گونجاوترینە بۆ گۆڵکردن، بۆیە ئەنجاممدا.
فرانس فووتبۆل: هەندێک گۆڵی ئەفسوناویت کردووە، وەک ئەوەی بەرامبەر بایرن میونشن، کە بە جوڵەیەک واتکرد بواتینک لەسەر پشتەوە بکەوێتە سەر زەوی، یاخود ئەو گۆڵەت کە لە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە 2009 بەرامبەر مانچێستەر یونایتد کردت؟
لیۆنێل مێسی: (بە پێکەنینەوە) لە راستیدا، لاریم نییە لەوەی گۆڵی ناشیرینیش بکەم.
چەندین جۆرە هیرشبەری جیاواز هەن، من خۆم بە هێرشبەری نێو هێڵی سزا نازانم، پێمباشە لە شوێنێکی دوور لە گۆڵەوە دەست بە هێرشبردن بکەم، بۆیە گۆڵەکانم هەندێک جیاواز دەردەکەون.
فرانس فووتبۆل: دەگوترێت تۆ کەسێکی شەرمنی؟
لیۆنێل مێسی: دەکرێت لەگەڵ ئەوە کەسانە جیاوازبم کە متمانەم پێیان هەیە، یان هاوڕێکانم، یان خێزانەکەم، لەوانەیە بێجگە لە مانە هەندێک شەرمن بم، بەڵام لەگەڵ کەسانی نزیک لە خۆم من کەسێکی ئاساییم، کە هەستی گەڵتەکردن و پێکەنینی هەیە و هەوڵدەدات چێژ لە هەموو کاتەکانی وەربگرێت.
فرانس فووتبۆل: لە ئەرجەنتین رەخنەیان لێگرتی و گوتیان بەپێچەوانەی مارادۆنا سەرکردەیەکی باش نیت، کاتێک لە ئەرجەنتین بە مارادۆنایان بەراورد دەکردی، نیگەران دەبووی؟
لیۆنێل مێسی: نەخێر، نەخێر، هەرگیز خۆم بە مارادۆنا بەراورد نەکردووە، گرنگیشم بەوە نەداوە، بەڵام هەندێجار هەندێک رەخنە بێزارم دەکەن.
لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە هەندێک ساتەوەختی ناخۆشدا تێپەڕیوم، بەڵام بەوە بێزار دەبووم کە رەخنەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی وەرزشی بوون، هەندێک قسە دەکەن کە هیچ پەیوەندییان بە تۆپی پێوە نییە.
فرانس فووتبۆل: هەست بە گوشاری یارییەکان دەکەی؟
لیۆنێل مێسی: لەم قۆناخەی کاروانی وەرزشیمدا نەخێر، من ساڵانێکی زۆرە یاریزانم و نازانم من هەست بە گوشارەکان دەکەم یان نا بەقەد ئەو هەستەی کە بۆ پابەندبوون بە تیپەکەمەوە هەمە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی من هەمیشە چێژم لە یاریکردن وەرگرتووە و هەڵمداوە ئارام و لەسەرخۆ بم.
من ئێستا بە بوونی منداڵەکانم جیاوازم، ئەوە زۆر یارمەتی داوم، ئێستا کە دەچمە ماڵەوە هەموو ئەوەی لە نێو یاریگەدا روویداوە لەبیریدەکەم، پێشتر کە لەگەڵ ئانتۆنێلا بووم کە دەدۆڕام زۆر نیگەران دەبووم و قسەم لەگەڵ کەس نەدەکرد، لەبەرئەوەی من لەگەڵ عەقڵیەتی رق لێبوونەوە لە دۆڕان گەورەبووم.
فرانس فووتبۆل: بەشداریت لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2006ـدا نەکرد و ئاهەنگت لەگەڵ هاوڕێکانتدا نەگێڕا؟
لیۆنێل مێسی: من پەشیمانم کە ئەوەم نەکرد، زۆر بچووک بووم، تەمەنم 19 ساڵ بوو، هەستم بەوە نەدەکرد کە چیمان بەدەستهێناوە، من تووشی پێکان بووبووم و دوای یارییەکە راستەوخۆ گەڕامەوە ژووری جلگۆرین، بەڵام خۆشبەختانە دواتر نازناوەکەم بردەوە و وەک پێویست چێژم لێیوەرگرت.
فرانس فووتبۆل: سەبارەت بە رکابەری لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە لالیگادا؟
لیۆنێل مێسی: من هەمیشە هەوڵمداوە لە خۆم باشتر بم، بەبێ ئەوەی سەیری ئەوە بکەم کە ئەوانەی دیکە چی دەکەن، بەڵام راستە لەگەڵ کریستیانۆ رکابەرییەکی گەورە بۆ چەند ساڵێک لە نێوانماندا هەبوو، بەتایبەتی کە هەردووکمان لە یەک خولدا یارییمان دەکرد.
فرانس فووتبۆل: شوێنی یاریکردنت لە نێو یاریگەدا لە راستەوە دەگۆڕێت بۆ هێرشبەری نادیار و لەویشەوە بۆ دروستکەری یاری؟
لیۆنێل مێسی: راستە من حەزدەکەم لە نێو یاریگەدا شوێنی خۆم زۆر بگۆڕم بۆ ئەوەی رووبەر بەدەستبێنم، سەرەڕای ئەوەی بە زۆری من لە لای راستەوە دەست بە هێرشبردن دەکەم و لە قوڵایی بەرگری تیپی بەرامبەر کۆتاییپێدێنم، من حەزدەکەم یارمەتی تیپەکەم بدەم بە هەر شێواز و رێگەیەک بێت، لە راستەو یاری بکەم یان لە قوڵاییەوە.
فرانس فووتبۆل: باوکت گوتی کاتێک تۆ بەرامبەر براکانت دەدۆڕای کێشەت دروست دەکرد؟
لیۆنێل مێسی: بەڵێ ئەوە راستە، کاتێک منداڵ بووم هەرگیز حەزم نەدەکرد بدۆڕێم، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، نامەوێت بڵێم من لەسەر شکست راهاتووم، بەڵکو فێری ئەوەبووم شکست قبوڵ بکەم، چونکە ناکرێت تۆ هەموو جارێک سەرکەوتن بەدەستبێنیت.
فرانس فووتبۆل: لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2009 لە رۆما بە سەر گۆڵێکت لە ڤان دێر سار کرد؟
لیۆنێل مێسی: گۆڵێکی نامۆ بوو، من لەنێو هێڵی سزا بووم و چاڤی تۆپەکەی بۆ من بەرزکردەوە و بەسەر خستمە نێو گۆڵی مانچێستەر یونایتد، ئێمە لەسەر ئەو جوڵە مەشقمان کردبوو، لە ژووری جلگۆڕینیشدا قسەمان لەسەر کردبوو، بەڵام پێشبینیمان نەدەکرد ئەوە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبدات.
فرانس فووتبۆل: رۆژێک تێری هینری گوتی “هەندێجار داوا لە مێسی دەکەم مرۆڤ بێت”؟
لیۆنێل مێسی: تیتی، من لەگەڵ ئەودا ماوەیەکی زۆر پێکەوە لە ژووری جلگۆرین بوومە، پێکەوە نازناوی گرنگمان بردووەتەوە، ساڵانێکی زۆرە پەیوەندییەکی جوان و بەهێزمان لە نێواندا هەیە، ئەو هەمیشە قسەی جوانی لەبارەمەوە گوتووە، پێموایە ئەو زۆر رێزم دەگرێت، بۆیە ئەو قسەیەی کردووە.
زۆر جوانە کاتێک هەندێک کەسی جوان و گەورەی وەک هێنری قسەی جوان لەسەر من بکەن، خۆشە کەو جۆرە قسانەت پێبڵێن.
فرانس فووتبۆل: لێکۆلینەوەیەکی زانستی هەیە، دەڵێت مێسی دەتوانێت لە کاتێکی زووتر لە ئاسایی و سروشتی بڕیاربدات؟
لیۆنێل مێسی: (بە پێکەنینەوە) لەو بارەیەوە زانیاریم نییە، من هەر بەو شێوازە یاری دەکەم کە لە تەمەنی 5 یان 6 ساڵی یاریم پێدەکرد، بەڵام بێگومان هەمیشە هەوڵمداوە شێوازی یاریکردنم برەو پێبدەم، ئەمە بەخششێکی خواییە.
فرانس فووتبۆل: زۆربەی یاریزانان حەزدەکەن ئۆتۆمێلی گرانبەها بەکاربهێنن و بچنە بەنێوبانگترین چێشتخانەکان، لە کاتێکدا تۆ پێتباشە لە ماڵەوە بمینیتەوە، پێتوانییە تۆ یاریزانێکی نامۆی؟
لیۆنێل مێسی: پێموایە زۆر یاریزانی وەک من هەن، دەمەوێت لە ماڵەوە کاتەکەم بەسەرببەم، هەوڵدەدەم ماڵەکەم بکەمە شوێنێکی ئارام و ئاسوودە بۆ خێزانەکەم و بۆ پێشوازیکردن لە هاوڕێکانم، ئەوە دڵخۆشم دەکات.
من کەسێکم حەز لە رۆتین دەکەم، پێمخۆشە کارەکان رێکخراو بن لە ژیانی کەسیمدا بێت یان لە ژیانی پیشەگەریمدا، ئەوە شتێکە لە منداڵییەوە لەسەری پەروەردە کراوم، کە وابزانم ئەوە یارمەتیداوم من بگەمە ئەم رۆژە.
فرانس فووتبۆل: بەدەگمەن دەبینرێت یاریزانێک ژیانی هاوژینی لەگەڵ خۆشەویستەکەی سەردەمی منداڵی پێکبهێنێت، وەک ئەوەی تۆ لەگەڵ ئانتۆنێلا کردت؟
لیۆنێل مێسی: ئانتۆنێلا کەسێکی جیاوازە لە ژیانی مندا، نەک تەنیا لەبەرئەوەی دایکی منداڵەکانمە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو لە سەرەتای دەستپێکردنی کاروانی وەرزشیمەوە هاوڕێم بووە، ئەو بە دڵەوە دەمناسێت و لە هەموو بارودۆخەکاندا دەزانێت چۆن مامەڵەم لەگەڵ دەکات، من نیگەران و خەمبار بم یان کاتێک ناتوانم بگەمە ئامانجەکانم.
من و ئانتۆنێڵا کاتێکی خۆش پێکەوە بەسەردەبەین، ئەو کەسێکی گرنگە بۆ من، هەروەها بە هەمانشێوە بۆ سێ کوڕەکەشم.
فرانس فووتبۆل: قسەیەک هەیە لە ئەرجەنتین باوە، دەڵێت “ئەمڕۆ ناتوانم، مێسی یاری دەکات”، تۆ لەوە تێدەگەی کە هاندەران چەند گرنگیت پێدەدەن؟
لیۆنێل مێسی: من هەمیشە خۆم بە قەرزاری ئەو شێوازە جوانە دەزانم کە لە سەرانسەری جیهاندا مەمەڵەم پێ لەگەڵ دەکەن، خۆشبەختم کە گەشتی زۆر شوێنم کردووە و چووبمە هەر شوێنێک خەڵکی بە گەرمی پێشوازییان لێکردووم.
فرانس فووتبۆل: ماسکیرانۆ رۆژێک گوتی “ناتوانم لیۆنێل مێسی بم، ناتوانم بەرگەی ئەوە بگرم”؟
لیۆنێل مێسی: (بەپێکەنینەوە) من لەوەتەی 34 ساڵە مێسیم، من لەسەر ئەوە راهاتووم، زۆر خۆش و جوانە کاتێک بە بەردەوامی لە لایەن خەڵکی دیکەوە پەسن دەدرێی، یان کاتێک بە رووتدا پێدەکەنن، یان داوات لێدەکەن وێنەیەکی یادگارییان لەگەڵ بگریت، من لەسەر ئەوە راهاتووم، ئەوە بۆ من بووەتە کارێکی ئاسایی، بۆیە کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن.
من دڵخۆشم بە هەموو ئەوەی بەدەستمهێناوە، هەرچەندە هەندێجار هیوادەخوازم تێپەڕبم بێئەوەی کەس بمبینێت، حەزدەکەم لەگەڵ خێزانەکەم کات بەسەر ببەم بێئەوەی خەڵکی بمانبینێت، بەڵام من گلەیی لەو شتە ناکەم، بەپێچەوانەوە، بەمداوییە کاتێکی خۆشم لەگەڵ خەڵکی لە ئەرجەنتین بەسەربردووە، دوای ئەوەی نازناوی کۆپا ئەمریکامان بەدەستهێناوە.