شارەزایەكی ئەمنی دەڵێت، بەزاندنی رێكخراوی داعش لە زۆرینەی ناوچەكانی پارێزگای دیالە، چەكدارانی ئەو رێكخراوەی ناچار كردووە روو لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە ئەو ناوچانە كەلێنی ئەمنییان هەیە و ناوچەی سەختن.
عەلی وائیلی شارەزای ئەمنی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هۆشداری داوە لە جوڵەی چەكدارانی داعش بۆ ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزە هاوبەشەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگەدان و وتویەتی، بەزاندنی ئەو چەكدارانە لە زۆرینەی ناوچەكانی دیالە ناچاری كردوون روو لە ناوچە دوورەكان بكەن.
وتوشیەتی، هێزە ئەمنییەكان و حەشدی شەعبی لە زۆرینەی ناوچەكانی دیالەدا بەسەر تیرۆرستاندا سەركەوتوون بەتایبەتی لە حەمرین و میقدادیە، ناوبەناو پرۆسەی سەربازی لە ناوچە گەرمەكاندا ئەنجام دەدرێت بۆ سەپاندنی سەقامگیری.
ئەو شارەزا ئەمنییە رونیشیكردووەتەوە، ئەوەش ئەو چەكدارانەی ناچار كردووە روو لەو ناوچانە بكەن كە لە رووی ئەمنییەوە لاوازن، تاوەكو بیكەن بە مۆڵگەی خۆیان و كردەوەكانیانی تێدا ئەنجام بدەن و لە ناوچەكانی دیالەوە روویان لە سنورەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش بەهۆی سەختی ناوچەكەوە.