سەرۆکی هەرێم و فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە.
شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش لە کەلی قەرەسالم لە ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکوک هێرشیانکردە سەر سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە و هێرشەکە بۆ سەر فەوجی ٣ی لیوای ١٢٦ی ھێزەکانی پێشمەرگە بووە.
هاوکات، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە شەهید و بریندار لە ریزەکانی پێشمەرگەدا هەیە و دواتر “تیرۆریستان راونران و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵکرا.”
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢ی ئەم مانگەدا، چەکدارنی داعش ھێرشیانکردە سەرگوندی خدرجیجە و لە ئەنجامدا ١٣ پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھیدبوون و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
لە شەوی ٢٧ی مانگی رابردوو، لە ناحیەی کوڵەجۆی گەرمیان داعش ھێرشیکردەسەر سەنگەرەکانی پێشمەگە و لەکاتێکدا یارمەتی بۆ ھێزەکان رۆشتبوو بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش بریندار بوون.
لە ٢٩ی مانگی رابردووشدا، لە سنووری کفری لەلایەن چەکدارانی داعش ھێرشکرایە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و لە ئەنجامی ھێرشەکەشدا دوو پێشمەرگە شەھید بوون و سێ پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

پەیوەندیدار