شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکداری داعش لە سنوری کەرکوک، هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهید و برینداربون.
لە دوای کاتژمێر (11:00)ی شەوی رابردو، ژمارەیەک چەکداری داعش لەسەر کەلی قەرە سالم لە سنوری ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکوک، هێرشیانکردوەتە سەر سەنگەرەکانی فەوجی 3ی لیوای 126ی هێزی پێشمەرگە و شەڕو روبەڕوبونەوەیەکی قورس رویداوە.
زێوەر مام ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی فەوجی 3ی لیوای 126ی کۆیە راdگەیاند “بەداخەوە لە هێرشەکەی شەوی رابردووی تیرۆریستانی داعش ئەفسەرێک و سێ پێشمەرگە شەهیدبوون، دواتر پێشمەرگە بە تووندی بەرپەرچی هێرشەکەی داعشی دایەوە.”
چەکدارانی داعش لەماوەی هەفتەیەکدا چوار هێرشیان بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە چەند ناوچەی جیاواز و گوندە کوردنشینەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان کرد، بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 22 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهید بوون، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ بوو.
هەر لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی داعش، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی “ئەمشەو [یەکشەممە 5-12-2021] تیرۆریستانی داعش پەلامارێکی دیکەی دڕندانەیان بۆ سەر خاڵێکی سەنگەرەکانی لیوای 126ـی هێزی پێشمەرگە لەنزیک ی گوندی ” قەرەسالم” ئەنجامدا. لەم پەلامارە ترسنۆکانەیەدا، شەهید و بریندار لەریزەکانی هێزی پێشمەرگە هەیە. تیرۆریستان راوەدوونران و بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.”
بەپێی قسەکانی زێوەر مام ئەحمەد ناوی شەهید و بریندارەکان بەمشێوەیەیە:
– شەهید نەقیب مسعود تەلعەت – خەڵکی سێگرتکان
شەهید نەهرۆ ناجی خەڵکی ناحیەی دارتوو – هەولێر
شەهید هەژار جەلال – خەڵکی کەرکووک
شەهید رێکان تۆفیق – خەڵکی هەولێر – مام زاوا
بۆشایی ئەمنی.. دەرفەتێک بۆ داعش
بەهۆی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێرشەکانی چەکدارانی داعش کە لەناوەڕاستی 2017 ەوە کۆتایی هاتنی خەلافەتەکەیان راگەیێنرا، دەستیانپێکردووەتەوە و ماوەی 10 رۆژ دەبێت ئەو هێرشانە پتر هێزەکانی پێشمەرگە و گوندنشینانی کوردیان کردووەتە ئامانج.
لیوا سەعد مەعن، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، گوتی: “چەکدارانی ئەو گرووپە ئێستا ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە”. بۆیە هەوڵ و کۆششەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە چڕتردەکەنەوە بۆ تێکشکانی داعش.
لیوا سەعد مەعن رەتیکردەوە، کە هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش نیشانەی بەهێزبوونەوەی گرووپەکە بێت و گوتی: “ناتوانین بڵێین داعش بەهێزبووە، بەڵام ئەوان شەڕی مافیایی دەکەن و هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی سەرئێشە بۆ هێزەکان و دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروستبکەن”.
بەرپرسی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق گوتیشی: “داعش ئێستا تەکتیکی بڵاوبوونەوە و هێرشکردن لە رێگەی تیمی بچووک و چەکداری کەمەوە پەلاماردەدەن و زۆرینەی هێرشەکانیشیان لەشەودا دەبێت، بۆیە ئێمەش پلانی زیاترمان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دەبێت.