نۆیەمین کاروانی کۆچبەران لە بێلاڕووسەوە گەیشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کاروانەکە لە 417 کەسی تێدایە کە زۆربەیان گەنجن و تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، ژمارەی کۆچبەرەکان ٤١٧ کۆچبەرن و بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکانی وەزارەتەکەیان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە گیرخواردووەکانی سەرسنوری نێوان بیلاروسیا و پۆڵەندا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش هەشت کاروانی دیکەی کۆچبەران گەڕاونەتەوە و پێشتر وەزارەتی گواسنتەوە و گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی ئەو کۆچبەرە گیرخواردووانەی سەرسنوری بیلاڕوسیا پۆڵاندا کە تا ئێستا گەڕێندراونەتەوە ژمارەیان گەشتووەتە سێ هەزار و ١٣٩ کۆچبەری عێراقی.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت ١٨ی مانگی رابردوو یەکەم گەشتی گەڕانەوەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی مینسکی بیلاڕوسیاوە گەڕێندرانەوە هەرێم.
قەیرانی کۆچبەران ماوەی زیاتر لە مانگێکە دروستبووە لەسەر سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا و دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا رایانگەیاندووە، بە ھەموو شێوەیەک دژی وەرگرتنی کۆچبەرانن بۆ ناو خاکەکەیان.
بە وتەی کۆچبەران تائێستا نزیکەی دوو هەزار کۆچبەر کە بەشێكیان خەڵکی باشووری کوردستانن هێشتا لە سنوورەکانی بێلاڕووسیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ماونەتەوە و وەک خۆیان باسی دەکەن سەرما و نەبوونی خزمەتگوزاریی هەراسانی کردوون و لە دۆخێی سەخدا دەژین، تا ئێستاش یەکێتی ئەوروپا رەتیدەکاتەوە رێگەیان پێبدات بچەنە ناوخاکەکەیەوە.