وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاشکرای کرد، شەش تووشبووی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.
رۆژی شەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2021، فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا لەکاتی دەنگدان و پەسندکردنی بودجەی وەزارەتەکەی لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا ئاشکرای کرد، شەش تووشبووی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە وڵاتەکەی تۆمارکراون.
فەخرەددین کۆجا راشیگەیاند، ئەو شەش تووشبووەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، پێویستیان بە نەخۆشخانە نەبووە. نیشانەکانیان زۆر سووک بوون و ھیچ کێشەیەکیان نییە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تووشبووەکان پێنج کەسیان لە ئیزمیر و یەکیان لە ئیستەنبووڵە، دەرکەوتووە لە کیشوەری ئەفریقیا کاریان کردووە و بە مۆڵەت گەڕاونەتەوە تورکیا.
لە 24 كاژێردا لە باکووری کوردستان و تورکیادا 349 هەزار و 221 پشكنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا کران، ئهنجامی پشكنینی 19 هەزار و 255 كەس پۆزەتیڤ بووه و 191 تووشبووش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 23 ههزار و 180 تووشبوو چاكبوونهتهوه.
هەروەها تاوەکو ئێستا له باکووری کوردستان و توركیا 121 ملیۆن و 600 ههزار و 450 قورچکی ڤاکسینی کۆرۆنا بەکارهێندراون.
یەکەمین تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاداری 2020 لە تورکیا راگەیێنرا. ئەو وڵاتە بە چەند قۆناخێکی تووندی قەدەخەی هاتووچۆدا تێپەڕی و دوای تەممووزی 2021 هەنگاوی بەرەو ئاساییبوونەوە نا. بەڵام هێشتا زنجیرەیەک رێکاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە هەر جێبەجێ دەکرێن.