دوای ئەوەی كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی توركی بەهۆی هەڵوەشانەوەی گرێبەستەكانی سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كرد، حكومەتی هەرێم جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەو كۆمپانیایانە زیانی پێگەیاندوون و دژە سكاڵا تۆمار دەكەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی خۆی كۆتایی بە گرێبەستەكەی هێناوە، بەوپێیەی كە رایگەیاندووە ناتوانێت ئەركەكانی لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی لە كێڵگەی میران و بنەباوی بەجێبهێنێت.
بەپێی راگەیەندراوەكە، بەیاننامەی رۆژی 10 ی ئەم مانگەی گەنەل ئینێرجی لە دوای ئەوە دێت كە حكومەتی هەرێم لەرێگەی نامەیەكەوە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە كۆمپانیاكەی لە كۆتایی پێهێنانی گرێبەستەكانی لەو دوو كیڵگەیە بە فەرمی ئاگادار كردووەتەوە.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، كۆمپانیای گەنەل ئینێرجی ویستویەتی پاساو بۆ كۆتاییهێنانی گرێبەستەكانی بهێنێتەوە و بیانوی ئەوەی هێناوە گوایە حكومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكان، ئەو كۆمپانیایە هیچ قەرەبوویەكی پێنابڕێت و دژە سكاڵاش تۆمار دەكەن، ئەوەش بەهۆی ئەو زیانانەی بەهۆی پابەندنەبوونی كۆمپانیاكەوە لە هەرێمی داوە.