کۆمپانیای فایزەر رایگەیاند ، ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری کۆرۆنا بەرھەمیان ھێناوە ، توانای بەرەنگاربونەوەی ئۆمیکرۆنیشی ھەیە.
کۆمپانیاکە هەروەها رایگەیاندووە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەی حەبەکە لەسەر زیاتر لە 2200 کەس، دەرکەوتووە کە کاریگەریی باشی پێشانداوە بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
فایزەر رایگەیاندووە لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کۆرۆنا لە قۆناخە سەرەتاییەکان، بەکارهێنانی ئەو حەبە هۆکاربووە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خەواندنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بە رێژەی 89٪.
فایزەر جەخت لەوە دەکاتەوە لە تاقیگەیەکی دیکەدا حەبەکە لە دژی جۆری ئۆمیکرۆن تاقیکراوەتەوە و “هەر وەک ئەوەی زۆربەی شارەزایان چاوەڕوانیان دەکرد، حەبەکە لە دژی ئەو جۆرەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی پێشانداوە.”
راگەیاندنی کۆمپانیای فایزەر هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە ئەمریکا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ 800 هەزار کەس. زیادبوونی مردنیش بەهۆی کۆرۆنا لە ئەمریکا بەشێکی بەهۆی بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی دێلتای ڤایرۆسەکە بوو کە پێش ئۆمیکرۆن بڵاوبووەوە.
چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە کارگێڕیی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە مۆڵەت بە حەبی کۆمپانیای فایزەر بدات تاوەکو بۆ تووشبووانی کۆرۆنا بەکاربهێندرێت.
جگە لە حەبی کۆمپانیای فایزەر، حەبێکی دیکە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لەلایەن کۆمپانیایەکی رکابەری کۆمپانیای فایزەر بە ناوی کۆمپانیای مێرک نێردراوە بۆ کارگێڕیی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا و چاوەڕوانیی مۆڵەتە بۆ ئەوەی بە فەرمی رێگە بە بەکارهێنانی بدرێت.
لێدوانەکانی فایزەر لەکاتێکدان، لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکی ئەمریکا لەنێویاندا زانکۆی هارڤارد و نەخۆشخانەی گشتیی ماسەچوسێتس کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە، هەر سێ جۆرەکەی ڤاکسینی کۆرۆنا کە لە ئەمریکا پەسندکراون، کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر جۆری ئۆمیکرۆن هەیە، بەڵام پێدانی قورچکی زیادە کاریگەرییەکە زیاد دەکات.




