دادگەیەکی دانیمارک بڕیارێکی ساڵی 2016ـی ئینگێر ستۆیبێرگی وەزیری پێشووی کۆچبەرانی دانیمارک بۆ جیاکردنەوەی هاوژینە پەناخوازەکان لە یەکدی بە نایاسایی دانا و بڕیاریدا بەو هۆیەوە وەزیرەکە بۆ ماوەی 60 رۆژ بەندبکرێت.
ئینگێر ستۆیبێرگ دەڵێت، بڕیاری دادگەکە بۆ ئەو زۆر مایەی سەرسوڕمان بووە، چونکە بە گوتەی خۆی، وەکو وەزیری کۆچبەرانی دانیمارک، نیازی وابووە بە سیاسەتەکانی، رێگە لە هاوسەرگیریی منداڵان بگرێت.
ئەوە یەکەمین جار بوو لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا و شەشەمین جار بوو لە تەواوی مێژووی دانیمارکدا، دوای لێپرسینەوە، وەزیرێک لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
وەزیرە سزادراوەکە لە بەردەم دادگەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، “نەک تەنیا من، بەڵکو بەهاکانی دانیمارکیش [دۆسیەکەیان] دۆڕاندووە،” گوتیشی بە سزاکە رازییە، بەڵام لە بڕیاری خۆی پەشیمان نییە.
ئینگێر ستۆیبێرگ لەنێوان 2015 و 2019 لەنێو حکومەتی نیمچە راستڕەوی ئەوکاتی دانیمارک، وەزیری کۆچبەران بوو کە کابینەکە لە لایەن پارتی گەلی دانیمارکییەوە سەرکردایەتیی دەکرا.
لە پۆستەکەیدا، ستۆیبێرگ چەندین رێکاری تووندی دژی کۆچبەران گرتبووەبەر. لە نێویشیاندا، لە شوباتی ساڵی 2016 فەرمانێکی دەرکرد کە نابێت هیچ لەو پەنابەرانەی لە تەمەنی خوار 18 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە، لەگەڵ هاوژینەکانیان پێکەوە بژین.
وەزیرە لە کارلادراوەکە فەرمانیکرد بە جیاکردنەوەی 23 جووت هاوژینی کۆچبەر؛ چەند مانگێکی پێچوو تا بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە.
لەنێو ئەو کۆچبەرانەدا، دوو هاوژینی سووری هەبوون کە ناویان ریماز ئەلکەیال، کە ئەو کات تەمەنی 17 ساڵ بوو، لەگەڵ نوور عەلوانی مێردی کە تەمەنی 26 ساڵان بوو، دوای بەرزکردنەوەی سکاڵا و بردنەوەی داوایەکەیان، بەیەک گەیشتنەوە. ئەو دوو هاوژینە بەهۆی ئەو بڕیارەوە ناچارکرابوون بۆ ماوەی چوار مانگ لە دووری یەکدی بژین.
بڕیاری دادگەی باڵای دانیمارک کە رۆژی دووشەممە دەرچووە، ئەزموونی سیاسیی ئینگێر ستۆیبێرگ دەخاتە سەر پەتێکی باریک.
بڕیاری دادگەکە پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوەی بۆناکرێت و سزای بەندکردنەکەش بێ مەرجە، واتە هەر دەبێت 60 رۆژ لە زینداندا بەسەرببات.
مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئینگێر ستۆیبێرگ دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆکی پارتی لیبرالی دانیمارکی کێشایەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە پێشتر ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بەو پارتە، دەنگیان بۆ لەکارلادانی لە پۆستی وەزیری کۆچبەران دابوو.
ستۆیبێرگ ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیەتی، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت دەنگ لەسەر سەندنەوەی کورسییەکەی بدات. لەنێوخۆی دانیمارکیش، ئەو ژنە سیاسەتڤانە لە لایەن بەشێک لە کۆمەڵگەوە بە هۆکاری دووبەرەکی دادەنرێت.