رووسیا بە فەرمی لە رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی ناسراو بە ‘ئاسمانی کراوە’ لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا کشایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا ساڵی رابردوو لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
رێککەوتنی ئاسمانی کراوە لە ساڵی 1992 لەلایەن رووسیا، ئەمریکا و 35 وڵاتی دیکە، کە زۆربەیان رۆژئاوایین واژۆکرا و تایبەتە بە دروستکردنی متمانە لەنێوان ئەو دوو لایەنە، ئەوەش لەڕێگەی فڕینی فڕۆکەکانی ئەو دوو لایەنە بە ئاسمانی هەردوولادا بە مەبەستی چاودێریکردنی ئاسمان و بنکە و جووڵە سەربازییەکانی نێو خاکی یەکدی.
رێککەوتنەکە دوای 10 ساڵ لە واژۆکردنی، لە ساڵی 2002 چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020، ئیدارەی ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و رووسیاشی بە “پێشێلکردنی رێنماییەکان و پابەندنەبوون بە رێکارەکان” تۆمەتبار کرد.
لە 19-5-2021، ئەنجوومەنی دۆمای رووسیا (پەرلەمان) پرۆژەیاسای تایبەت بە کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنەکەی پەسندکرد، لە 2-6-2021 ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا، کە دەسەڵاتی لە سەرەوەی پەرلەمانە، پرۆژەیاساکەی پەسند کرد و لە 7-6-2021دا ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا واژۆی کرد. ئەمڕۆ شەممە 18-12-2021 رووسیا بە فەرمی لە رێککەوتنەکە کشایەوە.
لە سەرووبەندی چوونە دەرەوەی رووسیا لە رێککەوتنی ‘ئاسمانی کراوە’ دا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای بە تاکە بەرپرس لە “هەرەسهێنان”ی رێککەوتنەکە ناوبرد.