بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك و برینداربوونی دوو كەسی دیكە لە گوندی كێلەسپی چوار تۆمەتبار دەستگیر كران.
پۆلیسی سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، رۆژی 17ی 12 لە گوندی كێلەسپی سەربە پارێزگای سلێمانی بەهۆی روداوێكەوە 3 هاوڵاتی برینداربوون و یەكێك لەو هاوڵاتیانە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەوەش هاتووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان كەشف و هێڵكاری بۆشوێنی روداوەكە كرا و دادوەر فەرمانی دۆزینەوە و دەستگیركردنی بۆ چوار تۆمەتبار دەركرد .
پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، دوای لێكۆڵینەوەكان سەرەنجام توانرا لەماوەیەكی كەمدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە و بەهاوكاری مەفرەزەكانی هێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتبار دەستگیر بكرێن كە لە دایكبوون ساڵەكانی “1990، 1965، 1978 و 1960″ن، بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.