قەرەچووغ : داعش هێرشی کردەسەر سوپای عێراق

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر بنکەیەکی هێزەکانی سوپای عێراق لەچیای قەرەچووغی سەر بە قەزای مەخمور و هێرشەکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق وەڵامی دراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری مەخمور بە میدیاکانی راگەیاندوە، هێرشەکەی داعش فەوجێکی فیرقەی 14ی سوپای بەئامانج گرتووە و بەهۆیەوە سەربازێک برینداربووە کە لەئێستادا تەندروستی جێگیرە.

باسی لەوەشکردوە، هێزە ئەمنییەکان وەڵامی هێرشەکەی داعشیان داوەتەوە و هێرشەکەیان تێکشکاندوە، بۆیە لەگەڵ هێرشەکەدا چەکدارانی داعش کشاونەتەوە و بەرەو شاخی قەرەچووغ هەڵاتوون.

لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.

پەیوەندیدار