دەمیرتاش : ورەمان بەرزەو هەست بەبەهێزی دەکەين

سەڵاحەدین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2016وە لەزیندانی ئەدرنەدایە ڕایگەیاندوە، خۆیی‌و هاوڕێ زیندانییەکانی سەر بەپارتەکەی ورەیان بەرزەو هەست بەبەهێزیی دەکەن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لەمیانی بەشداریکردنی لەهەشتەم دانیشتنی دادگاییکردنیدا لەسەر پرسی ڕوداوەکانی ساڵی 2014ی کۆبانێ، باسی لەبارودۆخی خۆیی‌و هاوڕێکانی لەپارتی دیموکراتی گەلان کردوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە ورەیان بەرزەو هەست بەبەهێزی دەکەن، بەڵام ئەوانیش مرۆڤن‌و توشی گرفتی جەستەیی‌و تەندروستیی دەبنەوە.

دۆسیەی ڕوداوەکانی کۆبانێ کە لەدادگای سزا قورسەکان لەسینجانی سەر بەئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو، تێیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و فیگەن یوکسەکداغ‌و هاوسەرۆکانی پێشوتری هەدەپەوە 108 ئەندام‌و بەرپرسی هەدەپە لەو دۆسیەیەدا دادگایی دەکرێن‌و 21 کەسیان ئێستا لەزیندانەکانی تورکیادان.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردوە، “ئێمه‌ لەڕاقیترین کۆشکدا ناژین، بەڵکو لەزیندانداین، ژیانیش لەژورێکی زینداندا کە ڕوبەرەکەی 8 مەتر چوارگۆشەبێت‌و خۆشت بۆ بەرگریکردن لەدۆسیەیەکدا ئامادەبکەیت، خۆی لەخۆیدا ئەشکەنجەدانە”.

دەمیرتاش داواشی لەهەموو هاوڕێیانی هەدەپە کردوە کە ورەیان بەرزبێت، “لەبەرئەوەی چارەسەر لەتێکۆشانی سیاسیدایە، لەگەڵ بەرخۆدان‌و ورەبەرزیدا سەردەکەوین”.

ڕوداوەکانی کۆبانێ کە لەمانگی تشرینی یەکەمی 2014و لەدوای ئەوەی داعش هێرشیکردەسەر کۆبانێ ڕویاندا، ئەویش کاتێک هەدەپەو ژمارەیەک لەپارتە کوردییەکانی دیکەی باکوری کوردستان داوایان لەحکومەتی ئاکەپە کرد ڕێگە بەناردنی چەک‌و هاوکاریی سەربازی لەتورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنكەرە ڕەتیکردەوە، لەئەنجامدا لەچەند شارێکی باکوری کوردستان خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتیی دەستیان پێکردو بەهۆیەوە 46 هاوڵاتی مەدەنی کوژران‌و 682 کەسیش لەپۆلیس‌و خۆپیشاندەران برینداربون، جگەلەوەی 113 باڵەخانه‌ سوتێنران

پەیوەندیدار