وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بە نیازن ١١٠ ھاوڵاتی گیرخواردووی عێراق و هەرێم لەسەر سنووری بیلاڕوسیا – پۆڵەنداوە بگەڕێنێتەوە بۆ عێراق.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوای بەدواداچوونی باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا و ھەوڵەکانیان ١١٠ کۆچبەری عێراقی کە لەسەر سنووری بیلاڕوسیا گیریان خواردووە، بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە عێراق.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕانەوەی کۆچبەرەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا و ھەولێرەوە ئەنجامدەدرێت.
بەپێی ئامارەکان، کۆی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی کە لەسەر سنووری بیلاڕوسیا – پۆلەنداوە گەڕێندراونەتەوە عێراق گەیشتووەتە سێ ھەزار و ٩٢٧ کەس.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ھەزاران کۆچبەر بە ئومێدی گەیشتن بە ئەوروپا ھەوڵی پەڕینەوەی سنووری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندایاندا.
دواتر بەهۆی قورسبوونی دۆخی مرۆیی ھەزاران کۆچبەری عێراقی لەسەر سنووری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا، کۆچبەرەکان لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا گەڕێندرانەوە عێراق.