گەندەڵیەکی ساموێل ئیتۆ كێشە بۆ جامی ئەفریقا دروست دەكات

دوای چەند رۆژێک لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆن، گەندەڵییەکی ساموێل ئیتۆ هەرا دەنێتەوە.

بەرپرسانی باج لە ئیسپانیا لیستی ناوی ئەوانەی بڵاوکردەوە کە خۆیان لە باج دزیوەتەوە، یەکێک لە ناوەکانیش ساموێل ئیتۆی کامیرۆنییە، کە ئەو کاتەی لە یانەی بارسێلۆنا یاریکردووە، خۆی لە باجدان دزیوەتەوە.

داواکاری گشتیی ئیسپانیا بەفەرمی داوایکردووە کە ساموێل ئیتۆی کامیرۆنی بۆ ماوەی 10 ساڵ زیدانی بکرێت، جیا لەوەش 18 ملیۆن یۆرۆ وەک پێبژاردن سزابدرێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ئیتۆ تۆمەتبارە بە دزینەوە و نەدانی نزیکەی چوار ملیۆن یۆرۆ بە باجی ئیسپانیا.

ئەم هەواڵە لە کاتێكی زۆر خراپدایە، یەکەم لەبەر ئەوەی چەند رۆژێکە ئیتۆ بەفەرمی وەک سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کامیرۆنی هەڵبژێردراوە، دووەمیشیان نزیکبوونەوەیە لە دەستپێكی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە هەڵبژاردەی کامیرۆن وەک وڵاتی میواندار یەکێكە لە بەربژێرەکانی پاڵەوانێتییەکە.

جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە رۆژی 9ـی مانگی یەکی ساڵی 2022 دەستپێدەکات، 24 تیپ بەشداری دەکەن، 5 شاری کامیرۆن میوانداریی دەکەن، بەڵام کێشەکانی رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، جاری پێشووی بەهۆی کۆرۆناوە دواخرا، دواتر بەهۆی جەنگی نێوخۆی وڵاتەکە و هەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆن نزیکە لەوەی دوابخرێت یانیش شوێنی میوانداریکردنەکەی بگۆڕدرێت.

ئیتۆ لە ساڵانی نێوان 2004 بۆ 2009 یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە، لەو ماوەیەدا 3.9 ملیۆن یۆرۆی دزیوەتەوە و نەیداوەتە باجی ئیسپانیا، ئەمەش کێشەی بۆ دروستدەکات و لە داهاتوودا رووبەڕووی دادگەی دەگاتەوە، کە پێشتریش چەندین یاریزانی دیکەی تۆپی پێ لە ئیسپانیا تووشی ئەمە بوون، وەک مێسی و کریستیانۆ.

پەیوەندیدار