بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانێکی ویلایەتی کۆلۆرادۆ نزیکەی 500 ماڵ سووتا، حاکمی ویلایەتەکە باری نائاسایی راگەیاند.
ئاگرێک لە نزیک پایتەختی ویلایەتەکە، کاربەدەستانی ناچارکرد هەزاران دانیشتووی شارەکە لە ئێوارەی سەر ساڵی نوێدا لە ماڵەکانیان بکەنە دەرەوە.
ئاگرەکەی کۆلۆرادۆ، کە بەشێوەیەکی لەناکاو دار و دەوەنەکانی نزیکی شاری دێنڤەری گرتەوە، کارەساتێکی سرووشتییە، بەڵام رووداوێکە کە بە دەگمەن لە ناوچە شارنشینەکان و بەتایبەت لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا روودەدات.
چاودێرانی کەشوهەوا پێیان وایە ئاگرەکەی ویلایەتەکە بەهۆی ئەو وشکەساڵییە تووندەوە بووە کە لە 2021 رووی لە ویلایەتەکە کردبوو. هەر ئەوەش وای کرد کە ئاگرەکە بەشێوەیەکی زۆر خێرا و بە گووڕ بڵاوەبکات و خێرایی با لە کاتی ئاگرەکەدا بە نزیکەی 105 میل لە کاژێرێکدا ئەوەندەی دیکە ئاگرەکەی بەگوڕ کردووە.
جێر پۆلس، حاکمی ویلایەتی کۆلۆرادۆ رایگەیاند کە هەرچەندە ئاگری قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچانە بێ زیان بوون، بەڵام هەزاران خانووی هاووڵاتییان لە ئاگرەکەدا لەنێوچوون و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و حکومەتی ناوەندی، باری نائاساییان لە ویلایەتەکە راگەیاند.
ئاگرەکەی کۆلۆرادۆ، هەر ئەوەی جێگەی سەرنج نییە کە لە مانگی کانوونی یەکەم و لە ناوچەیەکی شارنیشین سەری هەڵداوە، بەڵکو ئاگرەکە بەشێوەیەکی زۆر هەڕەمەکی هەندێ خانووی وێرانکردووە و، هەندێکی دیکە هیچ زیانێکی بەر نەکەوتووە.
لە هەندێ شوێنی زیانلێکەتوو، نزیکەی 10 خانوو بە تەنیشت یەکەوە سووتاون و خانووەیەکی دیکە لە تەنیشتیانەوە بێ هیچ زیانێک رزگاری بووە.
ئاگرەکە زیانێکی ماددی زۆری هەبووە، بەڵام حاکمی ویلایەتەکە رایگەیاند کە ”موعجیزەی سەری ساڵە” کە هیچ کەسێک بەهۆی ئاگرەکەوە گیانی لە دەست نەداوە.
کاربەدەستانی ویلایەتەکە پێیان وایە کە ئاگرەکە بەهۆی کەوتنی هێڵێکی کارەبا وە بووە، بەڵام تا ئێستا لە هۆکارەکەی دڵنیا نین و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن.
دوا بە دوای ئاگرەکە، شەپۆلێکی بەفربارینیش رووی لە ویلایەتەکە کرد. هەرچەندە بەفربارین رەنگە هاوکاربێت لە دامرکاندنەوەی ئاگرەکە، بەڵام چاودێران دەڵێن جێگەی نیگەرانیشە، بەتایبەت چونکە رەنگە بۆڕییە ئاوەکانی شارەکە ببیەستن و ئەمەش وا بکات هەزاران ئاوارەی ئاگرەکە دۆخیان سەختر و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە بە ئەستەمتر بتوانن ئاوپرژێنی ئەو ناوچانە بکەن کە هێشتا ئاگریان تێدا ماوە.
لە ساڵانی دواییدا، ئاگری سرووشتی لە ئەمریکا، تووندتر و زۆرتر و رووبەریشیان فراوانتر بووە و خێراتریش بڵاودەبنەوە. هەندێ ناوچەی شاخاوی کە پێشتر بەهۆی تەڕییەوە، ئاگریان تێدا نەدەکەوتەوە، ئێستا ئەو ناوچانەش رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە،
راپۆرتێکی دەستەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی شوباتی 2022 بڵاو دەبێتەوە، هۆشداری تووند دەدات لەوەی ئەگەر مرۆڤ خێرا هەنگاوی راستەقینە نەنێت، بەم زووانە کارەساتە سرووشتییەکان زۆرتر و تووندتر دەبنەوە و چی دیکە.