ئیسرائیل هەڕەشە لەئێران دەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت تواناکانمان لەوە بەهێزترن پسپۆڕانیش مەزەندەی بکەن

ئیسرائیل هەڕەشە لەئێران دەکات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “تواناکانمان لەوە بەهێزترن پسپۆڕانیش مەزەندەی بکەن”، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت:”ئیسرائیل هەموشتێک دەکات لەپێناو پاراستنی ئەمن‌و ئاسایشەکەی، بۆئەوەش مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت”.

یائیر لابید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی 12ی عیبری وتویەتی:”نابێت لەڕێگای دانوستانەکانەوە خۆمان بەدەست ئێرانییەکانەوە بدەین”.

جەختیشیکردۆتەوە، هەرچەندە تەلئەبیب دژ بەڕێککەوتنێکی ناوەکیی باش نییە لەگەڵ ئێران، بەڵام دژایەتیی ڕێککەوتنێکی خراپ دەکات.

سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێت ئیسرائیل پەلاماری دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران بدات، لابید وتویەتی:”ئیسرائیل لەپێناو پاراستنی ئاسایشەکەی هەموو کارێک دەکات، بۆئەوەش مۆڵەت لەکەس وەرناگرێت، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیشەوە بەوجۆرە کارکراوە”.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل کە پێشبینیدەکرێت ساڵی 2023 بەگوێرەی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پۆستی سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل وەربگرێت، ئاماژەی بەوەکردوە، ئیسرائیل ئەوەندە بەتوانایە کە تەنانەت بەشێک لەپسپۆڕانی بواری سەربازییش ناتوانن مەزەندەی ڕادەی هێزو تواناکەی بکەن.

ئیسرائیل بەڕاشکاویی ڕایگەیاندوە، دژ بەدانوستانەکانی ڤییەننایە کە لەنێوان ئێران‌و وڵاتانی زلهێز بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکیی ساڵی 2015 کەناسراوە بە”پلانی کاری هاوبەش” بەڕێوەدەچن کە ساڵی 2018 ئیدارەی ترەمپ تاکلایەنە لێی کشایەوەو دوبارە سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە.

پەیوەندیدار