موقەدەم هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ساڵی رابردودا زیاتر لە 12 هەزار تاوان روویانداوە و 11 هەزاریان تۆمەتباریان ئاشكرابووە.
هۆگر عەزیز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە 1/1 تاوەكو 31/12/2021 لە سەرانسەری پارێزگای هەولێر 12 هەزار و 645 تاوانی جۆراوجۆر روویانداوە و سكاڵا لەسەر 11 هەزار و 504 تۆمەتبار تۆمار كراون، نزیكەی 91%ی تاوانەكان پەڕاویان یەكلایی كراوەتەوە، لەوانەش 5 هەزار و 146 تۆمەتباریان بە تاوانی دزی و كوشتن و ساختە و تەقەكردن و رێگری و ماددە هۆشبەرەكان دەستگیر كردووە، تۆمەتبار هەبووە چەند ساڵە دەستگیر نەكراوە و ئەمساڵ دەستگیر كراوە.
سەبارەت بە ئامارەكانی كوشتن لە ساڵی رابردوودا وتەبێژی پۆلیس وتی: 79 تاوانی كوشتن تۆماركراون و 8 تاوانیان ئاشكرا بووە، هەروەها 28 حاڵەتی تەقەكردن هەبووە و 24یان ئاشكراكراون و چەند باندێكی رێگری كە 43 تۆمەتبار بوون دەستگیر كراون و لەلایەكی دیكەوە هەزار و 53 سواڵكەر دەستگیر كراون.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رونیشیكردووەتەوە، 281 تۆمەتبار دەستگیركراون كە لەلایەن پارێزگاكانی عیراق فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە و رەوانەی شوێنی داواكراو كراونەتەوە، لەوانەش باندی دزی و كوشتن و ساختە و ماددەی هۆشبەر بوون.