لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ماوەی وەرگرتنی ڤاكسینی لەلایەن فەرمانبەرانی حكومەت بە هەردوو راژەی شارستانی و سەربازی تاوەكو 20ی كانونی دووەمی 2022 درێژ كردەوە.
لیژنەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لیژنەكەیان بە سەرپەرشتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كۆبوەتەوە و لە دوای پێشكەش كردنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی چەند بڕیارێك دران، لەوانەش ئەنجامدانی پشكنینی كۆڕۆنا لە خاڵە سنورییەكان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی كە سەردانی هەرێم دەكەن، تەنانەت ئەوانەشی كارتی ڤاكسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی تێستی كۆڕۆنای پێش 48 كاتژمێریان پێ بێت.
رونیشكراوەتەوە، لیژنەكە بڕیاریدا كە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكە كارگێڕییەكان لە رۆژانی داهاتودا رێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربكات، هەروەها گروپی گەشتیاری دەبێت پیش 48 كاتژمێر لە گەشتەكەیان تێستی كۆرۆنایان كردبێت یاخود كارتی ڤاكسینیان هەبێت.
لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جەختی لەوەش كردووەتەوە، “پێویستە سەرجەم هاوڵاتیان لە هەموو شوێنە گشتییە داخراوەكانی وەك “فەرمانگە حكومییەكان، ماركێت، رێستۆرانت، شوێنە بازرگانییەكان، كۆمپانیاكان و شوێنەكانی دیكەی كەرتی تایبەت” پابەندبن بە بەستنی ماسك و مەودای یەك مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن، هەروەها لە دوای 2022/2/1 هیچ كەسێك رێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنە گشتییەكان بكات بەبێ هەبونی كارتی ڤاكسین یان ئەنجامدانی تێستی كۆڕۆنا كە 48 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبوبێت.
ئەوەش هاتووە، ماوەی وەرگرتنی ڤاكسین لەلایەن سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەت بە هەردو راژەی شارستانی و سەربازی درێژدەكرێتەوە تاوەكو 20ی كانوونی دووەمی 2022، هەر فەرمانبەرێكیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
بێستون لەتیف