زارا محەممەدی دەچێتە گرتووخانەی سنە

زارا محەممەدی، چالاکڤانی کولتووری و مامۆستای زمانی کوردی رۆژی شەممە بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکەی کە پێنج ساڵ زیندانیکردنە دەچێتە گرتووخانەی ژنانی شاری سنە.
بڕیاره‌ رۆژی شەممە 8-1-2022 دادگای پارێزگای سنە زارا محەمەدی چالاكوان و مامۆستای زمانی كوردی بگوازێته‌وه‌ بۆ گرتووخانەی سنە، به‌و پێیه‌ دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ زیندانییەکەی تەواو بكات.
زارا محەممەدی ساڵی 2019 دەستبەسەرکرا و 193 رۆژ زیندانیکرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرا. لە دادگایی یەکەمیدا لە دادگای شۆڕشی سنە بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزادرا، بەڵام دواتر لە دادگەی پێداچوونەوەی سنە سزاکەی بۆ پێنج ساڵ کەمکرایەوە. ئەو دیسانەوە تانەی لە بڕیارەکە دا و دواجار رۆژی شەممەی رابردوو، پەسندکرانی سزاکەی پێ راگەیێندرا.

زارا محەممەدی بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە رێگەی دروستکردنی گرووپ و دەستە تۆمەتبارکراوە، بەڵام خۆی دەڵێت، هیچ کارێکی نەکردووە جگە لە گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی و چاڵاکیی کردن لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئەدەبیی نۆژین.

جوامێر عەبدوڵڵاهی، پارێزەری زارا محەممەدی دەڵێت، هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانەی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ئاراستەی ئەو چالاکڤانە کولتوورییە کراون.

پەیوەندیدار