كۆمسیۆنی ژنانی كه‌نه‌كه‌: تا ئێستا كوژه‌ر و به‌رپرسیارانی كۆمه‌ڵكوژی پاریس دادگایی نه‌كراون

كۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان رایگه‌یاند، نۆساڵ به‌ر له‌ ئێستا سێ ژنی سیاسه‌تمه‌داری كورد ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا شایڵه‌مز له‌ ئه‌نجامی پیلانگیریه‌ك له‌ پاریس تیرۆركران، تا ئێستا كوژه‌ر و به‌رپرسیارانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ دادگایی نه‌كراون.
كۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ ئێستانیوز نێردراوه‌، هاتووە‌ “له‌ 9ی كانونی دوه‌می ساڵی 2013 له‌ شاری پاریسی پایته‌ختی فڕه‌نسا سێ ژنی سیاسه‌تمه‌داری كورد (ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا شایڵه‌مز) له‌ ئه‌نجامی پیلانگێڕیه‌ك تیرۆر كران، نۆ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م ڕوداوه‌ تێپه‌ڕده‌بێت، به‌ڵام تا ئێستا كوژه‌ر و به‌رپرسیارانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌ دادگایی نه‌كراون”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، به‌ کوشتنی ساكینه‌، له‌یلا و فیدان دیپلوماسی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی گه‌لی كورد و به‌رخۆدانی ژنان و ڕێخستنبونی جه‌وانان به‌ ئامانج گیران.

كۆمسیۆنی ژنانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان باسی له‌وه‌شكردوه‌، “به‌ ئامانج گرتنی سێ ژنی شۆرشگێری كورد له‌ پاریسدا به‌ ته‌سادف نه‌بو به‌ڵكو هه‌ڵبژارده‌ بون، ژنێكی پێشه‌نگ وه‌كو ساكینه‌ جانسزیان به‌ ئامانج گرت كه‌ سومبولی به‌رخۆدانی ژنانی كورد بو، هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی پارتی كرێكارانی كوردستان بو، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئێراده‌ی ژنانی كورد و گه‌لی كورد بشكێنن ساكینه‌ جانسزیان كرده‌ ئامانج، به‌ڵام له‌ رۆژی ئه‌مڕو تێكۆشان و به‌رخۆدانی هه‌روه‌ها ره‌نج و هه‌وڵدانی ساكینه‌ جانسز بوه‌ته‌ بناغه‌ی تێكۆشانی ئازادی ژنانی كورد”.

پەیوەندیدار