مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت لەماوەی شەش مانگی رابردوو توانیویەتی نزیکەی ٤١ کیلۆ لە کێشی جەستەی داببەزێنێت و شێوازی کێش دابەزاندنەکەی رووندەکاتەوە.
مایک پۆمپیۆ دەڵێت بە نزیکەیی لەماوەی شەش مانگدا هەموو رۆژێك وەرزشی کردووە، خۆراکی خۆی رێكخستووە و توانیویەتی بەم پلانە کێشی خۆی داببەزێنێت.
پۆمپیۆی تەمەن 58 ساڵان کە پێشتر لەسەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، روونیدەکاتەوە لە مانگی شەشی ساڵی رابردوو بڕیاریدا شێوازی ژیانی بگۆڕێت ئەو کاتەی کە لەسەر تەرازووی خۆکێشان بۆیەکەمجار کێشی گەیشتووەتە 136 کیلۆگرام.
پۆمپیۆ دەڵێت: “زانیم دەبێت کارێك بکەم، وەرزشم دەکرد نزیکەی هەموو رۆژێك، خۆراکی گونجاوم دەخوارد، بەمەش کێشم دابەزی، هەفتانە 5-6 جار وەرزشم دەکرد و هەر رۆژێك لانیکەم نیو کاژێر بەردەوامبوون، هیچ راهێنەر و هیچ پسپۆڕێكی خۆراکم لەگەڵ نەبوو، تەنیا خۆم بووم”.
ئێستا پۆمپیۆ لەدوای شەش مانگ لە وەرزشکردن کێشی لە 136 کیلۆگرامەوە گەیشتووەتە نزیکەی 96 کیلۆگرام، بەمەش لانیکەم 40 کیلۆی دابەزاندووە.
